بکوژی 42 ئافرەت، لە زیندان هەڵات

کۆلینز جومایسی تەمەن 33 ساڵ
کۆلینز جومایسی تەمەن 33 ساڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، 20-08-2024، پۆلیسی نایرۆبی ڕایگەیاند، پیاوێکی کینیایی کە بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیس، دانی بە کوشتن و پارچەپارچەکردنی 42 ئافرەتدا ناوە، لەگەڵ دەیان دەستگیرکراوی دیکە لە بەندیخانەیەکی نایرۆبی هەڵاتووە.

کۆلینز جومایسی تەمەن 33 ساڵ کە لەلایەن پۆلیسەوە بە "خوێنمژ، دەروون‌نەخۆش" وەسف دەکرێت، مانگی ڕابردوو دوای دۆزینەوەی چەندین تەرمی شێواو و لەت لەتکراو لە مەیدانێکی گووفەک پایتەختی کینیا، دەستگیر کرا.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ڕێسیلا ئۆنیانگۆ، وتەبێژی پۆلیسی کینیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئەم کۆمەڵە تاوانبارانە شەوی ڕابردوو هەڵاتوون، بە گشتی 13 کەسن، لەنێویاندا تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەی زنجیرە کوشتنەکان هەیە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو 12 دەستگیرکراوەی دیکە کە وەک جومایسی لە بنکەی پۆلیس هەڵاتوون، هەموویان خەڵکی ئێریتریان.

جومایسی، ڕۆژی هەینی لە دادگایەک لە نایرۆبی ئامادە بووبوو و دادوەر بڕیاریدا بۆ ماوەی 30 ڕۆژی دیکە ڕابگیرێت بۆ ئەوەی پۆلیس بتوانێت لێکۆڵینەوەکانی خۆی تەواو بکات.

کۆمیسیۆنی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤی کینیا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، دە تەرمی مێینەی پارچەپارچەکراو کە لەناو کیسی نایلۆندا بەستراونەتەوە، لە گووفەکێکی ناوچەیەکی هەژارنشێن لە شاری موکورۆ، کە دەکەوێتە دورووبەری نایرۆبی پێتەخت، دۆزراونەتەوە.

جومایسی لە 15ی تەمموز لە نزیک بارێک دەستبەسەر کرا کە تێیدا سەیری یاری کۆتایی تۆپی پێی یۆرۆی 2024ی دەکرد.

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان، محەمەد ئەمین، دوای دەستگیرکردنی ئاشکرای کرد، جومایسی، دانی بە کوشتنی 42 ئافرەتدا ناوە لە ماوەی دوو ساڵدا لە ساڵی 2022ەوە یەم تاوانانەی کردووە. فرانس پرێس ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە یەکەم قوربانی جۆمایسی هاوژینەکەی بووە.

ئەمین لەو کاتەدا گوتی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ خوێنمژێک دەکەین، کەسێکی دەروون‌نەخۆش.

ڕێکخراوی KNCHR کە لەلایەن دەوڵەتی کێنیاوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لە دۆسیەی موکورو دەکەن.

هەروەها دەزگای چاودێریی پۆلیسی کینیا، کە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی چاودێری پۆلیسە، ڕایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا هیچ دەستوەردانێکی پۆلیس هەیە یان ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە "کەمتەرخەمی"ی لە لایەن پۆلیس لەم کەیسەدا هەبووبێت.

Fly Erbil Advertisment