سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان: ئەگەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارە نەکرێت دەستوەردان دەکەین

کێڵگەی نەوت و گاز
کێڵگەی نەوت و گاز

زیادبوونی زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئابووری عێراق، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقی هێنایە دەنگ، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند، ئەگەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە نەکرێت، بە مەبەستی چارەکردن دەستوەردان دەکەین.

 ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە و زیاتر لە 19 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا چارەنەکرێت و لایەنەکان ڕێکنەکەون، ئەوە بە مەبەستی چارەکردن دەستوەردان دەکەن.

شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا کۆبوونەتەوە، دواترینیان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی تورکیا، هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئەمادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام عێراق بێ لەبەرچاوگرتنی زیانەکان، بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی نەداوە.

لە 25ـی ئاداری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ڕاگیرا، تاوەکو ئێستا زیاترلە 19 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، لەڕووی بازاڕی وزەی جیهانیشەوە، ڕاگیرانی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم، بووەتە هۆکاری ناهاوسەنگی بازاڕی وزە، لەلایەکی دیکەشەوە، زیانی بە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کورستان کارمەند و ستافەکانیان کەمکردوونەتەوە، سەدان کارمەند و کڕیکاری ئەو کۆمپانیایانە کارەکانیان لەدەست داوە و هەروەها کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراقیش هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق پابەندی گرێبەستەکان نەبووە و ئامادە نییە هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە، خواستی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراق کەمدەکاتەوە.