لە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرانبەر پەکەکە گۆڕاوە

سوودانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازی لە ئەردۆغان کرد
سوودانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازی لە ئەردۆغان کرد

K24 - هەولێر:

دوای سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، کۆمەڵێک پێشهاتی نوێ لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە لە عێراق هاتوونەتە پێش. لەوانە، بە قەدەغەناساندن و داخستنی پارتەکانی سەر بە پەکەکە و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە.

ماوەیەکە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پەکەکە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە و تورکیاش دەڵێت، دوای سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر شت گۆڕاوە.

ڕۆژی 22ـی نیسانی ئەمساڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش هەولێری کرد. سەردانەکەی ئەردۆغان بە سەردانێکی مێژوویی پێناسە کرابوو. هاوکات دەرئەنجامەکانیشی هەروابوون و وەک ئەوەی لایەنی تورکی باسی دەکرد، زۆر شت لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و ڕۆڵی عێراق لەو هاوکێشەیەدا گۆڕانکاریی بەسەردا هات.

حکوومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی بەرانبەر پەکەکە دەست پێ کردووە، لەوانە؛ هەنگاوی یەکەم بریتی بوو لە بە قەدەغەناساندنی پەکەکە بوو، لەو ڕێگەیەوە هەموو جۆرە چالاکییەکانی پەکەکە قەدەغەکران.

هەنگاوی دووەمیش، داخستنی سێ پارتی پەیوەندیدار بوو بە پەکەکە، لە بڕیارێکی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، پارتەکانی ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی هەڵوەشێندرانەوە و بارەگاکانیان داخران.

لە هەنگاوی سێیەمیشدا، عێراق و تورکیا یاداشتێکی ئەمنییان ئیمزا کرد کە تێیدا جەخت لە هەماهەنگیی کراوە و بەپێی لێکگەیشتنەکە ناوەندیی ڕاهێنان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە سەربازگەی باشیک دادەمەزرێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوایین لێدوانیدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هەژموونی پەکەکە، بۆ یەکەم جار وەک بەرپرسێکی باڵای سیاسی عێراقی ڕایگەیاند، جگە لە شنگال و مەخموور، پەکەکە لە فراوانبووندایە و چالاکیی لە سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان هەیە.