سووریا.. لە هێرشێکی ئیسرائیل 13 چەکداری سەر بە ئێران بوونە قوربانی
لە هێرشێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شارەکانی حمس و حەما لە سووریا، 13 چەکداری گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی کوشت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەما و گوندەکانی دەوروبەری حمس لە سووریا چەند بنکە و بارەگایەکی چەکدارانی بۆمباران کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، ئەو شوێنانەی بۆمباران کراون، ناوەندی چەکداری و جبەخانەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوون و لە هێرشەکەدا سێ چەکدار کوژراون و 10 چەکداری دیکەش بریندار بوون لە نێوان کوژراو و بریندارەکانیشدا چەکدارانی بیانی هەن.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل 181 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازیی و مۆڵگەی چەکدارانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان کردووە و بەهۆیانەوە زیاتر لە 113 چەکدار کوژراو و بریندار بوون.