سعوودییە هاوکاریی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەکات
لە درێژەی هاوکارییەکانی ساڵانەدا، شانشینی سعوودییە بۆ ئەم ساڵیش ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستیی تەندروستی پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و بڕیارە لەم نزیکانەش بڕێکی دیکەی هاوکارییەکان بگات، کە بریتین لە چەند ئامێرێکی ستراتیجی و پێشکەوتوو.
لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی تیمی گەیاندنی هاوکارییەکانی شا سەلمان، سامان حسێن وەزیری تەندروستی وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ هاوکارییەکان، ڕایگەیاند، ئەم هاوکارییانەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج تۆن دەرمان و پێداویستی دیکەی تەندروستین و بەهاکەیان نزیکەی 500 هەزار دۆلار دەبێت، کە دامەزراوەی خێرخوازیی شا سەلمان ئەو هاوکارییانەی لە ڕێگەی کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیەوە گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: ئەم هاوکارییە درێژەی هاوکارییەکانی ساڵانی ڕابردووە کە چەندین کەلوپەل و پێداویستیی تەندروستی بە وەزارەتی تەندروستی دراوە و بڕیاریشە بەم نزیکانە بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار چەند ئامێرێکی ستراتیجی بۆ کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
سەرۆکی تیمی گەیاندنی هاوکارییەکانی شا سەلمان، لە بارەی گەیاندنی هاوکارییەکانەوە گوتی: هاوکارییە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی شا سەلمان، بۆ کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئومێدەوارین سوودیان هەبێت بۆ کەرتی تەندروستیی گشتی.