فەیسەڵ ئیسترابادی: عێراق ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگیی له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ڕابگرێت

فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان
فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئاماژە بەوە دەکات، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقه‌ کە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران هەبێت، لە هەمان کاتدا لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیە کە په‌یوه‌ندی ستراتیجی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاش هه‌بێت.

فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لەمیانەی بەشداری لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـیدا، گوتی: "عێراق هەوڵ دەدات جۆرە هاوسەنگییەک دروست بکات لەنێوان ئێران و ئەمەریکا، هەروەها پێم وانییە عێراق بتوانێت لەو دوو لایەنە یەکیان هەڵبژێرێت."

ئاماژەی بەوە دا، لە عێراق هێزەکانی ئەمەریکا هەن، هەروەها گرووپە میلیشیاکانیش هەن کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریکا.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقه‌ کە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران هەبێت چونکە دەوڵەتێکی دراوسێیە، سەرەڕای ئەوەش لە بەرژەوەندیی عێراقە کە په‌یوه‌ندی ستراتیجی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت.

باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ڕایگەیاند، ئەمەریکا بیرە نەوتییەکان و بەرژەوەندیی نەوتی عێراق دەپارێزێت، عێراق ناتوانێت ئەو لایەنە ستراتیجییەی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا تێک بدات.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، فەیسەڵ ئیسترابادی، گوتی: عێراق هەڵە دەکات ئەگەر داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە بکات، چونکە تا ئێستە مەترسی داعش لەسەر عێراق ماوە.

زیاتر لە ساڵێکە گفتوگۆی ئەمنیی و سەربازی لەنێوان عێراق و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت بۆئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن تەنیا لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی ئەمنی نەمێنێتەوە بەڵکو وەک دوو وڵاتی ئاسایی بێت. لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆ لەبارەی ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن: ئامانج لە کۆبوونەوەکان دیاریکردنی وادەیەکە بۆ کشانەوەی یەکجارەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیان. ئەمە لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن: تاوەکوو ئێستا لەگەڵ لایەنی عێراقی باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان نەکردووە.