بەهۆی دۆخی ئەمنی ئەمساڵ بەشداریی چلەی ئیمام حوسێن جیاواز بوو

ساڵانە، ملیۆنان کەس بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیام حوسێن دێنە عێراق، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیاواز بوو، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵنگاریە ئەمنییانەی لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکان و گروپە چەکدارەکانی خاوەن چەک لە دەرەوەی حکوومەت لەلایەکی دیکە، ئەمانە هەمووی ئەرکی حکوومەتییان بۆ پاراستنی زیارەتکاران قورستر کرد.
ئەمساڵ، کەشوهەوای بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا جیاواز بوو، چونکە لەلایەک گروپە تیرۆریستیەکان هەڕەشەی ژەهراویکردنی خواردنی زیاترەکارانیان کرد. هەم گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت سەرئێشەیان بۆ هێزە ئەمنییەکان دروست کرد. هەربۆیە بەرپرسانی ئیداریی و ئەمنی کەربەلا ناچاربوون بۆ پاراستنی زیارەتکاران لەسەرجەم ئەو ڕێگەیانە هێز جێگیر بکەن کە زیاترەکان بۆ گەیشتن بەشارەکە بەکاری دەهێنن.
لەلایەکی دیکەوە، دەروازە سنوورییەکانی عێراق قەرەباڵغییەکی زۆریان لێیە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر زیارەتکارەوە، ئەمەش گوشاری زۆری لەسەر فەرمانبەران و کارمەندان دروستکردنی بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و وردبینی لە زانیارییەکانی زیارەتکاران، بەمەبەستی ڕێکخستنی گەشتەکەیان بەشێوەیەکی ئارام و یاسایی.
سائیر تائی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پلانی ئەمنیی بەڕێنمایی سەرۆک وەزیران و بەهاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی کەربەلا دانراوە، مەیدانی نوێمان دامەزراندووە تا گوشار لەناوەندی شار کەم بکەینەوە. تا ئێستە ناچار نەبووین ڕێگەکان دابخەین ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پلانی ئەمنیی کەربەلا.
ڕێکارە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی زیاترەکارانی چلەی ئیمام حوسێن بەسەرپەرشتی خودی وەزیری ناوخۆ بەردەوامن. سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی، هێزی ئاسمانی و دژە تیرۆر بەشدارن لە پاراستنی سەرجەم ئەو ڕێگەیانەی زیاترەکاران بۆ گەیشتن بەکەربەلا بەکاری دەهێنن.
لەدۆخێکی وەهادا هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە لەپاراستنی زیارەتکاران و دابینکردنی ڕێگەی ئارام و سەلامەت بۆیان تا دەگەنە کەربەلا، ئەمەش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لەسەرجەم ڕێگەکان و بەهەندە وەرگرتنی سەرجەم سەرچاوەکانی هەڕەشە.