پسپۆڕێکی کشتوکاڵیی یەمەن: دەرد و نەخۆشییەکانی خورما ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبن

ساڵ لە دوای ساڵ، بەرهەمی خورما کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی جووتیارانی یەمەنە، کەم دەبێتەوە. دۆڵی حەزرەمەوت بەتەنیا خاوەنی یەک ملیۆن و 500 هەزار دارخورمایە، بەڵام بەهۆی بایەخ پێ نەدانەوە نەخۆشیان تێدا بڵاوبووەتەوە، پسپۆڕێکی کشتوکاڵیش دەڵێت: دەرد و نەخۆشییەکانی خورما لەیەمەن ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبن.

ڕەشید باسەبیح، جووتیارێکی یەمەنە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەموو ساڵێک بەرهەمی خورما بەراورد بەساڵی ڕابردوو کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، وەک کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بایەخنەدانی لایەنی پەیوەندیدار بەم پرسە".

گۆڕانە ژینگەییەکان و کاریگەرییان لەسەر کشتوکاڵ بوونەتە هۆی وشکبوونی ڕووبەرێکی گەورەی زەوی، لەلایەکی دیکەوە دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی نوێش کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ڕووبەری کشتوکاڵی. بەگوێرەی توێژینەوەکان ڕووبەری چێندراو بە خورما لە یەمەن بۆ لەسەدا 16 دابەزیوە. ئەم بڕە لەساڵی 2001 لەسەدا 24 بوو. پسپۆڕێکی کشتوکاڵیش دەڵێت: بڵابوونەوەی نەخۆشی لەناو خورمادا لەهەموو کاتێک زیاتر بووە.

عەلی عەمرون پسپۆڕی کشتوکاڵ دەڵێت: بڵابوونەوەی نەخۆشی بەشێوەیەکی بەرچاو لەناو خورمادا زیادی کردووە، بەتایبەتی کرم و وشکبوونەوە، ئەم نەخۆشیانە لە حەزرەمەوت بڵاوبوونەتەوە، بێگومان هۆکار بۆ ئەم بڵابوونەوەیە هەیە لەوانەش، بایەخ پێنەدانی لایەنی پەیوەندیدار هاتنی خورما لە دەرەوەی وڵات لەوانەش خورمای بەرحی و خوراس.

بەرهەمی خورما لەیەمەن یەکێکە لەسەرچاوەکانی داهاتە بۆ جووتیاران و خانەوادەکانیان. لەپارێزگایەکی وەکو حەزرەمەوت نزیکەی ملیۆن و نیوێک دارخورما هەیە، لەسەدا 70یان بەرهەمدارن، ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی گرنگی خورمایە لەم وڵاتەدا، بەڵام کەمبوونەوەی بایەخدان بە خورما و کەمبوونەوەی هەناردەکردنی بەهۆی شەڕەوە، هەڕەشەی جددی لەسەر ئەم بەرهەمە و تەنانەت ئاسایشی خۆراکیش دروستکردووە.

 

Fly Erbil Advertisment