ئەمەریکا پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە

لە دوای هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حزبوڵلا بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی دووپات دەکاتەوە و ڕایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگریی لە خۆی بەردەوام دەبین.

شان ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بە بەردەوامی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیاندا لە پەیوەندیدان. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی لە مافەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات و کار بۆ سەقامگیری ناوچەکەش دەکەین".

ساڤێت، ڕایگەیاندووە لەسەر فەرمانی سەرۆک بایدن، هەموو بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لە پەیوەندیدان و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش لە ئامادەباشی تەواو دایە بۆ پشتیوانیی حکوومەتی فەڵەستین.

لەلایەن خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەر وەک پێشتر ڕوون و ڕاشکاوانە جەخت لە پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەینەوە".

لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و فواد شکور سەرکردەی باڵای حزبوڵلا لە بەیرووت، هەڕەشەکانی تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل و ترسی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، وایکرد ئەمەریکا هێزێکی زیاتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ بکاتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵلای لوبنانی بە هەڵدانی درۆن و مووشەک هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاندوە: قۆناغی یەکەمی هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوە خوێنی فواد شکور بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا کە چەندین ناوەندی سەربازیی لە خۆ گرتووە.