سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دا مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست

K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.



