ئهمهریكا داوای یەكگرتوویی لە حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن
K24 - ههولێر:
لەماوەی رابردوودا, شاندێکی ئەمریکی سەردانی هەردوو لایەنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد, بەشێك لە کادیر و بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵات دەڵێن ئەو دیدارانە هیچ کاریگەرییەکیان نابێت، چونکە بە راشکاوی پێیان 'وتراوە کە هەتا یەکگرتوو نەبن، هیچ وڵاتێکی رۆژئاوایی پشتیوانییان ناکات.
لەماوەی رابردوودا وەفدێكی ئەمریكی سەردانی ھەردوو باڵی حزبی دیموكراتی كوردستانی كردووە،و ساڵانەش وەفدی حزبە رۆژھەڵاتییەكان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ناوەندەكانی بڕیاری ئەو وڵاتە دەكەن، ئەگەرچی تاكوو ئێستا ناوەرۆكی دوایین دیدارەكەو سەردانەكانی پێشووش دیارنییە، بەڵام پەرتەوازەیی ھێزەكان وایكردووە ئەمریكییەكان ھیچ گرەوێكیان لەسەر نەكەن.
لەدوای شۆرشی گەلانی ئێران لەساڵی 1979 ھەموو پەیوەندییەكی سیاسی نێوان ئێران و ئەمریكا پچراوە، ھەردوولاش یەكتر بە دوژمنی سەرەكی خۆیان دەزانن، ھەر لەو كاتەوەش خاڵی ھاوبەشی حزبە كوردییەكانی رۆژھەڵات و ئەمریكا و بەشێك لەوڵاتانی رۆژئاوا دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە، كەچی ئەو خالە سەرەكییەش تاكوو ئێستا لۆبییەكی بۆ كوردەكانی ئەو پارچەیە دروستنەكردووە.
یەكەم پەرسیار كە لەلایەن خانەخوێ ئەمریكی و رۆژئاواییەكان لە حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكرێت، ئەوەیە كە كام دیموكرات یان كام كۆمەلەو كام خەباتن، ئەمریكی و رۆژئاواییەكان ھەڵوەدای ئەدرێسێكی یەكگرتوو و جێی باوەڕن، كە ساڵانێكە لایەنەكان ھەوڵی دروستكردنی دەدەن و ھەرجارەو بەپاساوێك سەرناگرێت.