نوور زوهێر فێڵی لە هەموویان کرد
سەرچاوە عێراقییەکان وردەکاریی دیارنەمانی بازرگان و تۆمەتباری سەرەکی دزی سەدە 'نوور زوهێر'یان ئاشکرا کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لوبنانی جێهێشتووە بە بیانووی ڕووداوێکی هاتوچۆی ساختە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ پزیشکێک دروست کرابوو.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە، "دەزگای هەواڵگریی عێراقی بەپەلە پەیوەندیان بە لوبنانەوە کردووە پاش ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە، نوور زوهێر، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە لە بەیروت".
ئاماژەی بەوەش کرد "دەزگای پۆلیسی لوبنان بە ئاسایشی لوبنانی ڕاگەیاندووە، بەپەلە بچنە لای نوور زوهێر و هۆی ڕووداوەکە بزانن و دەستگیری بکەن، بەڵام ئاسایشی لوبنان تەنیا لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کردووە و بە عێراقیان ڕاگەیاندووە، کە نوور زوهێر، لە نەخۆشخانەی سانت تیریز خەوێندراوە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی شکان یان خراپبوونی باری تەندروستی پێوە دیار نییە".
سەرچاوەکە دەشڵێت: لایەنی عێراقی داوای لە لوبنانییەکان کردووە زوهێر دەستگیر بکەن و ڕێگریی گەشتکردنی بۆ دەرەوەی لوبنان لێ بکەن، بەڵام داواکە ڕەتکراوەتەوە چونکە هیچ فەرمانێکی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی لەلایەن ئینتەرپولەوە نییە.
زوهێر، دیارترین تۆمەتبارە لە کەیسی دزینی 2.5 ملیار دۆلار لە سندوقی "باج" کە یەکێکە لە گەورەترین ئابڕووچوونەکانی گەندەڵی دارایی لە عێراق.
بڕیارە دانیشتنی دادگاییکردنەکەی لە 27ـی ئاب لە بەغدا بەڕێوە بچێت و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەڵێنی دابوو ئامادەی دادگاییکردنەکەی بێت، بەڵام ڕەنگە بەهۆی ئەو ڕووداوە، نەتوانێت ئامادەی دادگاییکردنەکەی لە بەغدا بێت.
هاوکات سەرچاوەکانی لوبنان بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان ڕاگەیاندووە، عێراقییەک بەناوی 'نوور زوهێر موزەفەر' گەیشتووەتە نەخۆشخانەی سانت تیریز لە باشووری بەیروت و برینی سووکی هەبووە.
یاسای لوبنان نەخۆشخانەکان ناچار دەکات لەکاتی گەیشتنی هەر بریندارێک لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا بەرپرسانی ئاسایش ئاگادار بکەنەوە، بەڵام نەخۆشخانەی سانت تیریز ئەو کارەی نەکردووە، چونکە "بەگوێرەی سەرچاوەکان، دۆخی نوور زوهێر، پێویستی بەوە نەکردووە ئاسایش ئاگادار بکەنەوە."
بەرپرسێکی باڵا لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان دووپاتی کردەوە "بنکەی پۆلیس لە بەیروت و دەوروبەری ئاگادار نەکراونەتەوە لە هیچ ڕووداوێکی هاتوچۆ کە هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی نوور زوهێر، تووشی بووبێت."
ئەو بەرپرسە لوبننانیە دەشڵێت: هێزە ئەمنییەکان پرسیاریان لە نەخۆشخانەی سانت تیریز کردووە سەبارەت بە هۆکاری ئامادە ئاگادار نەکردنەوەیان، ئەوانیش ڕایانگەیاندووە، برینەکەی زۆر سووک بووە و پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی لوبنان نەبووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، بەرگریی شارستانی و خاچی سووری لوبنان هیچ ڕووداوێکی هاتوچۆیان تۆمار نەکردووە کە عێراقییەک تووشی بوبێت لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ڕابردوو.
پەرلەمانتارێکی عێراقیش باسی لەوە کردووە "لێکۆڵینەوە لەگەڵ پزیشکێکی نەخۆشخانەکە دەستی پێ کردووە کە ڕاپۆرتێکی ساختەی پزیشکی داوەتە نوور زوهێر."
تۆمەتبارەکە چەند هەفتەیەک دوای ئازادکردنی عێراقی جێهێشت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێکەوتنی لەگەڵ کراوە کە ئازادکردنەکەی لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەکان دەبێت.
بەڵام زوهێر، توانیویەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پرۆتۆکۆلی ئەمنی تێپەڕێنێت و بە پاسپۆرتە دیپلۆماسییەکەی عێراقی جێهێشتووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی دیکە ئاشکرای کرد "دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەدوای گەشتەکەی نوور زوهێردا کەوتوون و بۆیان دەرکەوتووە کە بە فڕۆکەی تایبەتی خۆی بەیروتی بەرەو تورکیا جێهێشتووە".