سوپای ئیسرائیل بارمتەیەکی لە باشووری غەززە ڕزگار کرد

وێنەی بارمتەکە، فەرحان دادوەر
وێنەی بارمتەکە، فەرحان دادوەر

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان سوپا و دەزگای هەواڵگری شاباک لەباشووری غەززە، توانراوە بارمتەیەک بەناوی فەرحان دادوەر ئازاد بکرێت. 

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی شاباک، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە باشووری کەرتی غەززە ڕزگار بکەن.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت: کاید فەرحان دادوەر، تەمەن 52 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئازاد کراوە و باری تەندروستی باشە، ئاماژەی بەوەش کرد، فەرحان لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستگیرکراوە.

سوپای ئیسرائیل ڕوونیشی کردەوە، باری تەندروستی فەرحان ئاساییە و بۆ پشکنینی پزیشکی زیاتر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، خێزانەکەی لە وردەکارییەکان ئاگادار کراونەتەوە و سوپای ئیسرائیل لەگەڵیانن. هەروەها بەپێی زانیارییەکان، دەستگیرکراوەکە عەرەبێکی ئیسرائیلە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، فەرحان خەڵکی شاری ڕاهتە لە باشووری ئیسرائیل، وەک پاسەوان لە کۆگایەک لە کیبوتس ماگین کاری دەکرد کاتێک لەلایەن چەکدارەکانەوە بەبارمتە گیراوە.

لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023. کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 250 بارمتە بە دیل گیران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە ئازاد کراون و ژمارەیەکیش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.

Fly Erbil Advertisment