وەزیرێکی ئیسرائیلی زانیاریی نهێنی سوپای وڵاتەکەی بڵاو دەکاتەوە
وەزیرێکی حکوومەتی ئیسرائیل وردەکارییە نهێنییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە بارەی شوێن و چۆنێتی ڕزگارکردنی بارمتەیەکی دەستی حەماس بڵاو دەکاتەوە و دوای ماوەیەکی کورت زانیارییەکان دەسڕێتەوە.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، میری ڕێگیڤ، وەزیری پەیوەندییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) زانیاریی نهێنی و هەستیاری سوپای وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چۆن و لە کوێ توانیویانە کاید فەرحان هاووڵاتیی عەرەبی ئیسرائیلی لە تونێلەکانی چەکدارانی حەماس ڕزگار بکەن.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە نووسیویەتی"ڕێگیڤ دوای 40 خولەک پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سڕییەوە، بەهۆی ئەوەی زانیارییەکانی نهینییەکانی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای لە کەرتی غەززە ئاشکرا کردووە".
پێشتر سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕزگارکردنی یەکێک لە بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە دەستی چەکدارانی حەماس بڵاکردبووەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لە بارەی چۆنێتی و شوێن ڕزگارکردنی بارمتەکە ئاشکرا نەکردبووم تەنیا ئاماژەیدا بوو، ئەو ڕفێندراوەی ڕزگارکراوە خەڵکی شارۆچکەی ڕەهتە لە ناوچەی نەقەبی باشووری ئیسرائیل.