ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كۆنابنەوە

K24 – ھەولێر

بڕیاربوو لەسەرەتایی ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی كێشەناوخۆییەكان كۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی ھەموو ئەندامان تا ئێستا نەتوانراوە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە باڵی (ناوەندی بڕیار) ئامادەنین بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن، پێیانوایە كۆبوونەوە تەنھا بۆ ئاساییكردنەوەی نێوان باڵەكانە، لەكاتێكدا ئەوان داوا دەكەن كە دەبێ خاڵەكانی پەیامەكەی ئەوان گفتوگۆیان لەسەر بكرێت.

دوێنێش مەلا بەختیار لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژناموانیدا رایگەیاند: "بڕیاربوو رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە بەشداری ھەموو ئەندامانی سەركردایەتی كۆببێتەوە، بەڵام دوامان خست بۆ ئەوەی كات بە گفتوگۆ بدەین، لامان گرنگە تێكڕایی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە ھەردوو جێگرەكەشەوە بەشداری كۆبوونەوەكە بن".

بەپێی زانیارییەكان لە رێگەی فوئاد مەعسووم و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی داوا لە باڵی ناوەندی بڕیاركراوە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكەن، بەڵام تا ئێستا قایل نەبوونە بەبێ جێبەجێكردنی خاڵەكانی پەیامەكەیان بەشداری لە كۆبوونەوە بكەن.