شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: سەدا 70ـی پۆسته‌كانی پارێزگای کەرکووک له ده‌ست كورد دەرهێنراون

K24 – هەولێر:
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، مافی لایه‌نێك نییه به ته‌نیا پۆسته‌كانی كه‌ركووك دابه‌ش بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ڕێككه‌وتنی یه‌كێتی له كه‌ركووك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌بێت به یاسا چاك بكرێت".
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئێستە 70%ـی پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركووك له ده‌ست كورددا نه‌ماون و ته‌نها پۆستی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركووك به ده‌ست كورده‌وه ماوه.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، باسی لەوە کرد، مافی لایه‌نێك نییه به ته‌نیا پۆسته‌كانی كه‌ركووك دابه‌ش بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "رێككه‌وتنی یه‌كێتی له كه‌ركووك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌بێت به یاسا چاك بكرێت".
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگەدار نەکراونەتەوە.