ڕێساکانی هەڵبژاردن لە چەند وڵاتێکی پێشکەوتوودا

لە وڵاتان چەندین ڕێکار و یاسا بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی شارستانییانە دەستنیشان کراون، تا هاووڵاتییان بتوانن بەشێوەیەکی دیموکراسییانە و دوور لە توندوتیژی و فریودان بە ئازادی دەنگ بدەن.

لە ئەمەریکا هەڕەشەکردن لە دەنگدەران نایاساییە، لە بەریتانیا پێدانی بەرتیل بۆ کڕینی دەنگی خەڵک نایاساییە، لە ژاپۆنیش سەردانی ماڵ بە ماڵ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ نایاساییە.

هەڵبژاردن، پرۆسەیەکی دیموکراسییە خەڵک لە ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان لە دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات یان سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستنیشان دەکەن، هاوکات هەڵمەتی بانگەشەش بەشێوەیەکی شارستانییانە بەڕێوە دەچێت و لە وڵاتان بە یاسا رێکارەکانی هەڵمەتی بانگەشە دەستنیشان دەکرێن و پێویستە کاندید و دەنگدەران پابەندی بن.

بەگوێرەی یاساکانی ئەمەریکا، چەندین ڕێکاری یاسایی دەستنیشان کراون، بۆ نموونە نابێت ڕێگریی لە دەنگدەر بکرێت بەشداریی لە هەڵبژاردن بکات.

هەڕەشەکردن و گێچەڵپێکردن بە دەنگدەر، یان بەکارهێنانی گوتاری توندوتیژ لەدژی دەنگدەر نایاساییە.

نابێت ڕێکخراوەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەبری یان لەدژی کاندیدێك بەشداریی لە هەڵمەتی بانگەشە بکەن، هەروەها نابێت فەرمانبەرانی حکوومەتی فیدراڵی ئەمەریکا لە کاتی ئەرکدا بەشداریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

لە بەریتانیا نایاساییە لە کاتی بانگەشە کاندیدەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرتیل بدەنە دەنگدەران.

هەروەها ڕێگریکردن لە دەنگدەر بۆ ئەوەی بە ئازادی دەنگ بدات، یان ئازار بدرێت و زیانی پێ بگەیندرێت بە کارێکی نایاسایی هەژمار دەکرێت.

یەکێک لە کارە نایاساییەکان ئەوەیە، لێدوانی ناڕاست لەبارەی زانیاری کەسی کاندیدێک بدرێت.

لە کاتێکدا لە بەریتانیا کارێکی یاساییە کاندیدەکان ماڵ بە ماڵ سەردانی دەنگدەران بکەن، لە ژاپۆن بە کارێکی نایاسایی دادەندرێت و قەدەغەیە کاندیدەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن ماڵ بە ماڵ سەردانی دەنگدەران بکەن.

بەگوێرەی یاساکانی ژاپۆن، پێدانی دیاری بە دەنگدەر یان ڕێکخستنی ئاهەنگ و کات بەسەربردن بۆ دەنگدەران کارێکی نایاساییە.

هاوکات ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەڵمەتی بانگەشە لە ژاپۆن خەرج دەکرێت پێویستە سنووردار بێت، هەروەها پێویستە پۆستەر و فلێکسەکانی بانگەشە لە چەند شوێنیکی دیاریکراو بڵاو بکرێنەوە و قەبارەکەشیان دیاریکراو بێت.

Fly Erbil Advertisment