یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە سزا بەسەر هەندێک لە وەزیرەکانی ئیسرائیلدا بسەپێنێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، دەستیان بە پرۆسەی پرسیارکردن کردووە لە وڵاتانی ئەندام، کە ئایا دەیانەوێت سزا بەسەر "هەندێک لە وەزیرانی ئیسرائیل"دا بسەپێنن؟.
جۆزێپ بۆرێل، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: من دەستم بە ڕێکارەکان کردووە بۆ ئەوەی پرسیار لە وڵاتانی ئەندام بکەم، ئایا گونجاوە هەندێک وەزیری ئیسرائیل بخەینە ناو لیستی سزاکانمانەوە کە لێدوانی ڕق و کینە لە دژی فەڵەستینییەکان دەدەن و بیرۆکەگەلێکیان خستەڕوو کە بە ڕوونی دژایەتی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن؟.
بەڵام بۆرێل تاوەکو ئێستا ناوی هیچ کام لەو وەزیرانەی ئاشكرا نەکردووە کە دەیەوێت سزایان بەسەردا بسەپێنێت.
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی شەڕەکانی ئۆکرانیا و کەرتی غەززە، ئەمە جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا.