مالیکی کۆسپ دەخاتە بەر پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتی

دۆسیەی یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق کە هەزاران خێزان و زیندانیی عێراقی چاوەڕێی پەسەندکردنن لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، زۆر ئاڵۆز بووە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکیش هێڵی سووری داناوە بۆ ئەوانەی بەتۆمەتی "تیرۆر و گەندەڵی دارایی" دەستگیر کراون، ئیفلیج کردنی ئەو یاسایەش ئاماژەیە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان مالیکی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هەروەها قۆستنەوەی هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی مالیکی.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردە سوننەکان داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە تۆمەتبارن بە تیرۆر، بەتایبەتی کە زۆرینەیان تۆمەتەکەیان بۆ هەڵبەستراوە، یان ناچار کراون دان بە تاوانە تیرۆریستییەکاندا بنێن ئەویش لە ژێر ئەشکەنجەدان بووە.

نوری مالیکی بە کەناڵی ئافاقی ڕاگەیاندووە "ئاسایش و سەقامگیریی و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی پێویستی بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور هەیە، هەروەها حکوومەتی ئێستەش سیاسەتی خۆی داڕشتووە بەرنامەی پێشکەشی پەرلەمان کردووە و پەسەند کراوە، هەروەها ئەو هێزانەی پەسەندیان کردووە، دەبێت پێیەوە پابەند بن".

دەشڵێت: بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەوەیە، نابێت ئەوکەسانەی کوشتن و تیرۆریان کردووە ئازاد بکرێن، چونکە وڵاتیان شێواندووە و ڕێگریی لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانیان کردووە، مالیکی هیوای وایە یاسای لێبوردنی گشتی تەنها تاوانە ئاساییەکان بگرێتەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەش کرد، ئێمە پشتگیری لەیاسای  لێبوردنی گشتی دەکەین، بەڵام ڕەتی دەکەینەوە ئەو تیرۆریستانە ئازاد بکەین کە دەستیان بە خوێنی کەسانی بێتاوان سوور بووە، هەروەها تاوانەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و سیخوڕی دەبێت لە یاسای لێبوردنی گشتی دوور بخرێنەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەندامێکی پارتی تەقەدووم بە عەرەبی جەدیدی گوت: هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارییان لە حکوومەتی محەممەد شیعاع سوودانیدا کردووە، پێش پێکهێنانی حکوومەت، لەسەر کۆمەڵێک شت ڕێککەوتن، کە خزمەت بە کۆمەڵگای عێراق بکەن، لەوانەش یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراقدا کە چاوەڕوان دەکرێت پەسەند بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجەکانی مالیکی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی کۆسپ خستنە بەردەم یاساکەیە، چونکە ئەو هەڵوێستی لەگەڵ سەرکردە شیعەکانە کە ئازادکردنی هەزاران کەس لە زیندانەکاندا ڕەت دکەنەوە،

عارف حەمامی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: لایەنە شیعەکان دژایەتی یاسای لێبوردنی گشتی ناکەن، چونکە گرنگی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام ترسی جددی هەیە لەسەر ئازادکردنی تیرۆریستان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵکاران.

ڕاشیگەیاند "لێبوردنی گشتی تەنها خزمەت بە کۆمەڵگەی سوننە ناکات، بەڵکو پەیوەندیی بە هەموو چین و توێژ و مەزهەبەکانی کۆمەڵگای عێراقەوە هەیە، هەروەها قەرەباڵغی لە زیندانەکاندا کەم دەکاتەوە، بۆیە وریایی لە پەسەندکردندا بەهۆی ئەوەیە کە دەبێت گەرەنتی ئەوە بکات کە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروست نابێت".

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، کە گەورەترین پارتی عەرەبی سوننەیە لە عێراق، پێشتر داوای کردبوو زیندانیانی بێتاوان لە زیندانەکانی عێراق ئازاد بکرێت و یاسای لێبوردنی گشتیش لە عێراق پەسەند بکرێت، کە ئەمە بەشێکی بنەڕەتی ڕێککەوتنی سیاسی بووە لەگەڵ حکوومەتی سوودانی.

 

Fly Erbil Advertisment