چیایی تەیموور: عێراق مووچەی کردووەتە کارتی سیاسی دژی هەرێم

چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری عێراق
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی حکوومەتی عێراق ئەوەیە درز بخاتە نێوان خەڵک، حکوومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکان.

چیایی تەیمور، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی عێراق پرسی مووچەی فەرمانبەران وەکو کارتێکی سیاسی لەدژی خەڵک و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لیستەکانی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا ناردووە.

هاوکات دەشڵێت: ئامانجی حکوومەتی عێراق ئەوەیە درز بخاتە نێوان خەڵک، حکوومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکان.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو مانگە خەرج کردووە.

جیا لەمەش، ڕۆژی سێشەممە، 27-08-2024، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد "ئەگەر هەیە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان خەرج بکات؛ جیا لە خەرجکردنی دوو مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان".

تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لەبارەی ئەوەی، بۆچی بەشێکی مووچەی مانگی ئابی خەرج کردووە، لە کاتێکدا لیستەکەیان بۆ نەچووە.