لە واست، ئافرەتێک بنکەیەکی وەرزشی تایکواندۆ دەکاتەوە

زەینەب عەبدولرەزاق، وەک یەکەمین ڕاهێنەری ئافرەت لەپارێزگای واستی عێراق، بنکەیەکی وەرزشی تاکواندۆی بۆ منداڵان کردووەتەوە.

زەینەب، نزیکەی 100 قوتابی هەیە و ڕۆژانە مەشقیان پێ دەکات. ئەو لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت: دەیسەلمێنم کە وەرزش نابێت تەنها لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ بکرێت.

مستەفا ئەحمەد، یاریزانی تایکواندۆ بە کوردستنا24ـی ڕاگەیاند، لەم بنکەیە فێرمان دەکەن چۆن بەرگریی لەخۆمان بکەین و چۆن متمانە بەخۆبوونمان تێدا دروست ببێت، فێری لێدانی خێرا و زۆر شتی دیکەشمان دەکەن.

باوکی مستەفا، گوتی: ئەم وەرزشە جەستەی منداڵەکان بەهێزدەکات و فێریان دەکات متمانەیان بەخۆیان هەبێت، هەروەها خۆشویستنی وەرزش دەخاتە دڵیانەوە، کە ئەمەش شتێکی باشە.

زەینەب عەبدولرەزاقی ڕاهێنەر ئەم بنکەیەی لەشاری واست کردووەتەوە بۆ ڕاهێنانی منداڵان لەسەر بەرگریی لەخۆکردن و سووربوون و دروستکردنی ویستی پۆڵاین بۆ منداڵەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

ئەم بنکەیە تاکە بنکەیە لەشاری واست کە لەلایەن ڕاهێنەرێکی ئافرەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت. دەیان منداڵ لەهەردوو ڕەگەز و لەسەر ئاستی تەمەنە جیاوازەکان ڕۆژانە دێنە بنەکەکەوە بۆ ڕاهێنان.

زەینەب عەبدولرەزاق، ڕاهێنەری تایکواندۆ بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەم بنکەیە یەکەمین بنکەی تایکواندۆیە لەپارێزگای واست کە ئافرەتێک تیایدا ڕاهێنەرە، بە قوتابییە کوڕ و کچەکانەوە نزیکەی 100 یاریزانمان هەیە.

سوودی ئەم یارییە بۆ منداڵان زۆرە؛ وایان لێ دەکات متمانەیان بەخۆیان هەبێت، سەرنجیان زیاتر دەکات و پێکهاتەی جەستەیان بەهێزدەکات، هەروەها زیرەکیشیان دەکات. دەتوانن ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە، ئەوە منداڵەی دێتە ئێرە کەسایەتی بە ئاراستەی 180 پلە دەگۆڕێت.

کارە قورسەکانی ئەم ڕاهێنەرە ئافرەتە و ویستی بۆ سەرکەوتن وایکردووە کە بۆچوونی کۆمەڵگە بەرامبەر ئافرەتان بگۆڕێت و ئەو ڕاستیەش بچەسپێنێت کە وەرزشەکان نابێت تەنها لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ بکرێن.

Fly Erbil Advertisment