هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە نزیکن لە ڕێککەوتن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

چاوەڕێ دەکرێت سبەی یەکشەممە، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاو بکرێتەوە. 

شەممە، 31-08-2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لێکگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی کێشە تەکنییەکانی تایبەت بە پرسی مووچە هەیە".

هەمان سەرچاوەی کوردستان24 ڕاشیگەیاند "ئەگەر ئەمڕۆ بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، سبەی یەکشەممە، 01-09-2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت) بڵاو دەکەینەوە".

تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەواوی مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا کۆی گشتیی پارەکە بنێرێت، ئەمەش وایکردووە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، مووچەی بەشێکی فەرمانگە و وەزارەتەکان دابەش دەکات، تا ئەو کاتەی مووچەی ئەوانەی دیکەش لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەکرێت.  

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 52 ڕۆژە فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـیان وەرنەگرتووە سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 35 ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەکەی ڕەوانەی بەغدا کردووە و پرۆسەی وردبینیش تەواو بووە.

 بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.

بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە مووچەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەیکات "نایاساییە و پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە. هاوکات برسیکردنی خەڵکە و مەرامی سیاسیی لە پشتە" چونکە وەکوو خۆیان دەڵێن، هەموو پابەندییەکانیان لە بەرانبەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.