کۆنگرەی هاوپه یمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرەتای مانگی داهاتوو له واشنتن بەڕێوه دەچێت
وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی داعشیان لە بیابانی ئەنبار بە سەرکەوتوو وەسفکرد، هاوکات کۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به داعشیان تاوتوێ کرد که بڕیاره سەرەتای مانگی داهاتوو له واشنتن بەڕێوه بچێت.
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن ڕۆژی شەممە 31 ی ئابی 2024 پێشوازیی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانسکی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد.
له کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی دانوستاندنانەکانی ئاگربەست له غەززه و ناردنی هاوکاریی به تایبەتی هاوکاریی پزیشکی بۆ کەرتی غەززه تاوتوێ کرد، هەروەها ئاماژه بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییه کرا که له بیابانی ئەنبار ئه نجامدرا و له ئه نجامدا 15 تیرۆریستی داعش کوژران، وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن ستایشی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هێزەکانی عێراق و ئەمەریکا و سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە گرنگەی کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و ئەلینا ڕۆمانسکی گفتوگۆیان لەبارەی کۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به داعش کرد که بڕیاره سەرەتای مانگی داهاتوو له واشنتن بەڕێوه بچێت و عێراق بەشداریی تێدا بکات، جێی ئاماژەیە ئەم هاوپەیمانێتییه 87 هاوپەیمانی له خۆ دەگرێت و به شێوەیەکی سەرەکی بۆ شەڕکردن دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش له عێراق و سووریا دامەزراوه، کۆنفرانسەکەش لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی به شداربوو دەبێت.