پزیشکیان: سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی دەکەم
مەسعود پزیشکیان ئاشکرای دەکات، لە یەکەم سەردانی بۆ عێراق سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف دەکات.
شەممە 31ـی ئابی 2024، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: لەیەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، بۆ عێراق و شاری نەجەف دەبێت بۆ سەردانیکردنی مەزارگەی ئیمام عەلی.
بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی فەرمیی ئێران و پێشکەشکار و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئێران، محەممەد حسێن ڕەنجبەران، پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران یەکەم وێستگەی سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ عێراق دەبێت و پەیامێکی گرنگیش دەبێ ناوچەکە و ئیسرائیل".
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕەنجبەران ئاشکرای کردووە "پزیشکیان بەر لەوەی بەرەو نیویۆرک گەشت بکات، کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو یەکەم سەردانی لەسەر داوەتنامەیەکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەغدا دەبێت و دواتر گەشتی نیویۆرک دەکات".
محەممەد حسێن ڕەنجبەران، هەر لە بارەی سەردانەی پزیشکیان بۆ بەغدا نووسیویەتی "ئەو گەشتە مەودایەکی کورتی لەگەڵ پیادەڕەوی ئاپۆڕای چلەی ئیمام حسێن دەبێت، ئەمەش پەیامێکی تایبەتی بۆ ناوچەکە و ڕژێمی ئیسرائیل و ئەمەریکییەکان دەبێت".
گەشتەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداربوون دەبێت لە 79یەمین خوولی کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە 24ی ئەیلوولی ئەم ساڵ لە نیویۆرک دەست بە چالاکییەکانی دەکات و 30ی ئەیلوول کۆتایی پێ دێت
مەسعود پزیشکیان لە 6ی تەممووزی ڕابردوو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و لە 31ی هەمان مانگدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو.
لەلایەکی دیکەدا لەبارەی سەردانی پزیشکیان بۆ هەولێر، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە بارەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەولێر هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە.