تەنیا لەیەک وەزارەتی عێراق 66 هەزار فەرمانبەری بندیوار هەیە
ئەندامێکی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێشکەوتنی ئابووری و پیشەسازی لە عێراقدا پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
موەفەق حوسێن، ئەندامی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند "پێکهاتەی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان کۆنە، هەروەها کارگەکانی وەزارەتیش زۆر کۆنن، چونکە دوایین کارگە، میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بۆیە کارگەکانی وەزارەت ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکەن".
گوتیشی: باشترکردنی ئابووری و پیشەسازیی عێراق پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە، بۆ چارەکردنی کێشەکانی وەزارەت و داڕشتنەوەی پێکهاتەی وەزارەت و بە مۆدێرنکردنی کارگەکان.
حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد: بەگوتەی وەزیری پیشەسازی 106 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەتی پیشەسازیدا هەیە، هەروەها 40 هەزاریان فەرمانبەری ڕاستەقینەن. وەزیر باسی لەوەش کردووە "لە کۆی 106 هەزار فەرمانبەرەکە، 66 هەزار فەرمانبەر کارناکەن و بێ بەرهەمن واتە بندیوارن، ئەمەش جۆرێکە لە بێکاری و شاردنەوەی لە حکوومەتدا".
بەگوێرەی دەزگای ئاماری ناوەندی عێراقی، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە کەرتی حکوومی کاردەکەن 1.032 ملیۆن فەرمانبەرە.
چاودێران، ژمارەی کارمەندانی کەرتی حکوومەتی عێراقیان بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری ناوچەکە بە زۆر زانی، داوایان کرد جگە لە ڕێکخستنەوەی کارەکان ڕێوشوێنی پێوسیتیش بگیرێتە بەر چونکە ئەوە بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی گشتی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەزگای ئاماری عێراقی، نزیکەی نیوەی ئەو فەرمانبەرانە فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆی عێراقن کە دەکاتە 556 هەزار کارمەند، ئەو هەلومەرجە ئەمنییە نائاساییەی عێراق لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی بووە ئەو فشارەی دروست کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە 125 هەزار فەرمانبەر لە پلەی دووەم دێت و ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش 98 هەزار فەرمانبەرە.
هەروەها بەپێی توێژینەوەیەک بە مەبەستی زانینی شارەزایی و ئەزموونی فەرمانبەرانی حکوومەتی عێراقە، سەلماندویەتی کە هەزاران فەرمانبەری نەخوێندەوار لە کەرتی حکوومیدا هەن، هەروەها ڕێژەی ئافرەتان لە سەدا 34ـی کۆی فەرمانبەرانی حکوومی تێناپەڕێت کە لە سەدا 3 یان بڕوانامەی ماستەریان هەیە.
هەروەها نزیکەی 310 هەزار سەرباز لە عێراقدا هەن، وە نزیکەی 125 هەزاریان ئەندامی حەشدی شەعبین، واتە کۆی گشتی فەرمانبەرانی حکوومی دەکاتە نزیکەی 1.7 ملیۆن فەرمانبەر.