لە باکووری کوردستان پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ زیادی کردووە

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ: دەسەڵاتی دادوەری تورکیا کەوتووە ژێر هەژموونی سیاسی

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕاپۆرتێکی تایبەت بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بڵاو کردەوە و بە گوێرەی ئامارەکان پێشێلکارییەکان لە باکووری کوردستان زیادیان کردووە و هۆی سەرەکیش چارەنەکردنی پرسی کورد و ئەو فەرهەنگە ڕەگەزپەرستیەیە کە لە تورکیا ڕەگی داکوتاوە.

لقی دیاربەکری ڕێکخراوەکە، ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە باکوری کوردستان ئامادە کردووە لە ناواخنی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 3895 پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە باکوری کوردستان تۆمارکراوە".

ئاماژەشی داوە "بە گوێرەی بەداوداچوونی چالاکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، چارە نەکردنی پرسی کورد یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژیی و پێشێککارییەکان، هەروا ڕەخنەیان لە سیستمی سیاسیی تورکیا گرتووە کە لە جیاکاری نەتەوەیی و نەژادپەرستی بەردەوامە، ئەمەش وای کردووە هەمونی سیاسی کاریگەرییەکی زۆری بە سەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەبێت و پێشلکارەکان بپارێزرێن لە بری ئەوەی سزا بدرێت".

لەمبارەوە ئەرجان یڵماز، سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی لقی دیاربەکر دەڵێ "چارە کردنی پرسی کورد کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکاندا دەبێت لە نێویاندا باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ. بەتایبەتی لەدوای شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتەوایی و ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی، چەندین ماف بەبڕیار پێشێلکراون، پێشێلکارییەکانیش لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بوون و بەردەوامیش ڕوو لە زیادبوونە، بڕیارەکان بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی دەدرێن و تۆمەتباران سزا نادرێن".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی 6 مانگدا 1164 کەس دەستگیر کراون کە 88یان مێرمنداڵن، هەر لە چوارچێوەی پێشێلکارییەکاندا هەڵکوتراوەتە سەر 527 ماڵ و کارگە و 520 هاووڵاتی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، هەروا 56 هاووڵاتی سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە مافەکانی مرۆڤ داوا لە حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری تورکیا دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی چوونە نێو یەکێتی ئەورووپای هەبێت، باشتروایە کۆتایی بە ڕەگەزپەرستی بهێنرێت.

موراد عەبا، سەرۆکی لقی دیاربەکری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی دەڵێت: چۆن پێشێلکارییەکان کەم دەکرێنەوە، ناوەڕاستی ساڵی 2004ـەوە تورکیا هەوڵ دەدات بچێتە ناو یەکێتیی ئەورووپا، ئەو کاتە بە شێوەیەک یاساکانی داڕشت، بەڵام ئێستا یاسای نەرێنی پەیڕەو دەکات کە لە ئاستی زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی ڕەگەزپەرستانە ڕەفتار دەکرێت و زمانی کوردی قبووڵ ناکەن".

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و باکووری کوردستان خەجت لە کرانەوەی تورکیا بەرانبەر بە کورد دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن "بۆ ئەوەی تورکیا ڕووسوور دەرکەوێت و متمانەی ئەورووپا و جیهانی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە دەست بهێنێت، دەبێت کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بێنێت و پرسی کورد چارە بکات، بۆ ئەمەش پێویستە یاسایەکی مەدەنی گشتگیر لە تورکیا و باکووری کوردستان پیادە بکات، نەک سیاسەت بە سەر دەسەڵاتی دادوەریشەوە زاڵ بێت".

Fly Erbil Advertisment