کۆڕەک: سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن پابەندی بڕیارەکانی دادگا نابێت
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە دادگای عێراق بڕیارێکی بە پەلەی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکەیان دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، هاوکات سەرکۆنەی سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی دادگا لە لایەن سەرۆکی دەستەکەوە دەکات و مافی خۆی بۆ داواکردنی قەرەبووی سەرجەم زیانە ماددی و مەعنەوییەکان دەپارێزێت.
یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق خستەڕوو و، تێیدا سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکەی بە پێشێلکردنی یاسا و سەرپێچیکردنی فەرمانەکانی دادگا تۆمەتبار کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم، کۆمپانیاکە لەپێناو پاراستنی مافە دەستووری و یاسایییەکانی خۆی و بەشداربووانیدا، بە تەواوی رێڕەوە یاسایییەکانی گرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بڕیارە ناڕەوایەی کە لە لایەن سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی "گرێبەستی سازان" دەرکرابوو؛ گرێبەستێک کە بە پێی راگەیەنراوەکە، چوارچێوە گشتییەکانی پێشتر بە رەزامەندیی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەسەند کرابوو.
کۆمپانیاکە روونی کردەوە، سەرەڕای ئەو رەزامەندییە، سەرۆکی دەستەکە پێداگریی لەسەر بڕیارەکەی کردووە و تەنانەت لە سنووری گرێبەستی مۆڵەتپێدانیش لایداوە و هەنگاوی نایاسایی هاوشێوەی داخستنی بارەگای کۆمپانیاکەی ناوە کە وەک کۆمپانیایەکی فەرمی بە پێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە.
کۆڕەک باسی لەوە کردووە، کە پاش پەنابردنیان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، بڕیارێکی دادگایان بەدەستهێناوە کە سیفەتی جێبەجێکردنی بە پەلەی (النفاذ المعجل) هەیە و بە روونی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکارەکانی سەرۆکی دەستەکە و کارابوونی گرێبەستی سازانی داوە. کۆمپانیاکە سەرسوڕمانی خۆی پێشان داوە کە لەبری پابەندبوون بە دەقی بڕیارەکەی دادگا، سەرۆکی دەستەکە بەردەوامە لە داتاشینی پاساوی نوێ بۆ درێژەدان بە رێکارە ناڕەواکانی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، کۆڕەک تیلیکۆم دووپاتی کردووەتەوە کە تەواوی مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ داواکردنی قەرەبوو لە بەرامبەر سەرجەم ئەو زیانانەی کە لێکەوتەی ئەم هەنگاوە تاکلایەنانەن و بەهۆی رەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاوە دروست بوون.
هاوکات کۆمپانیاکە ئاماژەی بە بەڵگەیەکی ئیداری کردووە کە دەیسەلمێنێت رێکارەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی پێشوەختە بوون؛ بە جۆرێک کە سەرۆکی دەستەکە لە رێکەوتی 1ـی تشرینی دووەمی 2026 نووسراوێکی بۆ پاساودانی کارەکانی ناردووە، لە کاتێکدا رێکەوتی واژۆکردنی نووسراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێشتر و لە رێکەوتی 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، بووە.
کۆڕەک تیلیکۆم پرسیارێکی رەخنەئامێزی ئاڕاستەی رای گشتی و دامەزراوە فەرمییەکان کردووە و دەڵێت: ئایا لە عێراقدا عەقڵانییە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی حوکم و بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بن؟