بارزانی و فرانسوا ئۆلاند کۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری فه‌ره‌نسا واده‌ی  دیداری نێوان  مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فرانسوا ئۆلاند، سەرکۆماری فەرەنسای دیاریكردووه‌ كه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 8/9/2016 ئه‌نجامده‌درێت.

پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان راگەیاندبوو لەم ھەفتەیەدا بارزانی، لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا، دەڕواتە فەرەنسا و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نسا، لە کۆشکی (ئێلیزێ) دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

ئەجێندای سەردانەکەی بارزانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەپاڵ باسکردنی شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ، باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتی دەکرێت و پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشووریش یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی بارزانی دەبێت.

  لە ماوەی شەڕی داعشدا، بارزانی و ئۆلاند چەند دیدار و کۆبوونەوەی دیکەیان ھەبووە و لە 12 ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند سەرکۆماری فەرەنسا ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، کۆ بووەتەوە، دوای ئەو ساڵەش بارزانی، لە 10 شوباتی 2015 رۆیشتووەتە فەرەنسا و لەگەڵ ئۆلانددا کۆبوونەوەی ھەبووە، ئەم دیدارە بە سێیەم دیداری فەرمی لەنێوان ھەردوو سەرۆک بارزانی و ھۆلاند دادەنرێت لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا.