جومانە غەلای: تا دوای پەسندکردنی بەربژێرەکان بانگەشەی هەڵبژاردن ڕێگە پێدراو نییە
یەکشەممە، 01-09-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: تاوەکوو وردبینی تەواوی بەربژێرەکان تەواو نەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناکات. گوتیشی: هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان ڕوون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی ماددییەوە تاوەکوو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.
جومانە غەلای، لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24 گوتی: هەموو ڕێکار و ڕێنمایی و بڕیارەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەچێتە پێشەوە.
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، غەلای گوتی: وردبینی لە ناو و لیستی بەربژێرە پێشکەشکراوەکانی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە تەواو نەکراوە، هەربۆیە دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، ئەنجوومەنەکە بڕیاری فەرمی بۆ دەستپێکردنی وادەی هەڵمەتی بانگەشە دەردەکات.
سەبارەت بەوەی بەشێک لە بەربژێرەکان هەر لە ئێستاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان بە بانگەشە کردووە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گوتی: لە هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لێژنەی تایبەت بۆ چاودێری و بەدواداچوون پێک هێنراوە، بە دڵنیاییەوە چاودێریی هەموو قۆناغ و کارەکان دەکات و بە دڵنیاییەوە لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک سزا بەسەر لایەنی پێشێلکار دەسەپێنێت.
جومانە غەلای ئاماژەی دا "بۆ سکاڵا و تانەدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆن پشت بە ماددەی (10/8) دەبەستێت لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31 ساڵی 2019) لەگەڵ یاسای هەموارکراوی ژمارە (1 ساڵی 1992) هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سزاکان دیاری کراون.
بە گوێرەی ماددەی پێنج، کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسیی بەرپرسیارە لە هەر پێشێلکارییەک تووشی بێت یان ئەندامانی لیستەکان یان نوێنەرەکانیان لە بنکەکان بیکەن، سزاکانیش بەم شێوەیە دیاری کراون:
1- سزای ماددی (پێبژاردن)
2- هەڵوەشاندنەوەی کاندید، یان لیستی پارت و هاوپەیمانی سیاسی.
3- هەڵوەشاندنەوە متمانەی نوێنەری ڕاسپێردراو، یان بریکاری کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسی.
4- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەسندکردنی ڕێکخراوی چاودێری یان هەڵوەشاندنەوەی متمانەی ئەندامی سەرپێچیکار لە هەڵبژاردن.
5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی کەسی یان حزب یان هاوپەیمانی سیاسی.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گویرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.