بیلال عادل: حەکیم لوقمان لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کرد بۆیە لە ئیستانبوڵ کوژرا

بیلال عادل ئامۆزا و شایەدحاڵی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتی هەرێمی کوردستان حەکیم لوقمان لە ئیستەنبوڵ
بیلال عادل ئامۆزا و شایەدحاڵی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتی هەرێمی کوردستان حەکیم لوقمان لە ئیستەنبوڵ

بیلال عادل ئامۆزا و شایەدحاڵی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتی هەرێمی کوردستان حەکیم لوقمان لە ئیستانبوڵ دەڵێت: بە 12 کەس هێرشیان کردە سەرمان، تەنها لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەمان کرد.

یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، بیلال عادل کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی قسەکردن بەزمانی کوردی لەلایەن 12 کەسەوە لە ئیستانبوڵی تورکیا، هێرشیان کراوەتە سەر، دواتر حەکیم بەچەقۆ کوژراوە، گوتیشی: دوای ڕووداوەکە بۆماوەیەکی زۆر پۆلیسی ئیستانبوڵ دەستگیریانی کردووە و مامەڵەی خراپی لەگەڵدا کردوون.

بیلال عادل ئامۆزا و شایەدحاڵی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتی هەرێمی کوردستان حەکیم لوقمان لە ئیستانبوڵ بۆ کوردستان24 گوتی: دوێنێ گەیشتینە ئیستانبوڵ، دەمەو ئێوارە کاتژمێر شەش ویستمان بچین نانێک بخۆین، چووین نانێکمان خوارد و تۆزێک گەڕاین، کاتژمێر دوانزەی شەو گەڕاینەوە بۆ لای ئەو هۆتێلەی لێی دەماینەوە، لە نزیک هۆتێل تەلەفۆنێک بۆ حەکیم هات و قسەیان دەکرد، چەند تورکێک هاتن و خۆیان بە حەکیم دادا و بە تورکی قسەیان پێی گوت، منیش بە حەکیمم گوت، وازیان لێبێنە و دەمەقاڵییان لەگەڵ مەکە، حەکیم گوتی بەخوا لێیان قەبوڵ ناکەم، حەکیم لێیانی پرسی کە بۆ ئەو قسەیەی پێ دەڵێن، بووە دەمەقاڵی و شەڕیان، دەڵێت: 11 بۆ 12 کەس بۆمان هاتن، هەر سێ چوارێکیان لە یەکێکمانی دەدا، نزیکەی سێ چوار خولەک لە ئێمەیان دا و ڕۆیشتن، دوای ئەوە بینیم حەکیم لەسەر زەوی بە برینداریی کەوتووە، نیو کاتژمێر زیاتر ئەمبوڵانس نەهات حەکیم هەڵگرێتەوە و بیگەیەنێتە نەخۆشخانە، گوتیشی: تا ئەمڕۆش پۆلیسی ئیستانبوڵ من و سەعدیان گرتبوو، داوای ئاومان دەکرد، ئاویان بە ئێمە نەدەدا، سەت لە سەت لەسەر ئەوە وایان لە ئێمە کرد چونکە بە کوردی قسەمان کرد، لەبەر ئەوەی هەزاران تورک لەوێ بوون و هێرشیان نەکردە سەر هیچ یەکێک لەوان.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا.

ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە لە شەڕەکەدا کوژراوە، ناوی "حەکیم لوقمان"ـە، کاری بازرگانیی ئۆتۆمبێل دەکات، تەمەنی نزیکەی 45 ساڵ دەبێت و باوکی سێ منداڵە.

هەر لە شەڕەکەدا، برا و ئامۆزایەکی حەکیم بە چەقۆ بریندار کراون و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون؛ بەڵام بکوژی حەکیم و ئەوانەی لەگەڵی بوون، هەڵاتوون و تاوەکو ئێستە دەستگیرنەکراون.