بە گرێبەستکردنی وانەبێژان تەنها بڕیاری مەسرور بارزانی بوو، هەندێک دەزگای میدیایی کردوویانەتە دەستکەوتی لایەنی تر

بە گوێرەی ئەو نووسراوە فەرمییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت و بڕیاری دامەزراندنیان، تەنها هی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی 10-07-2024، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە ناتوانێت مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی گرێبەست دابمەزرنێت، بە بیانووی ئەوەی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ لای وەزارەتەکەیان نییە.

دوای ئەم نووسراوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 28-08-2024، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە، بڕیاری دامەزراندنی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرکرد.
دوابەدوای ئەم بڕیارە، ژمارەیەک لە کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا تۆڕی میدیایی ڕووداو، هەوڵیان دا ڕاستییەکان بشێوێنن و بە ئاراستەیەک کاریان لەسەر هەواڵەکە کردووە، گوایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی دەرکردووە، نەک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.

فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە دوو خاڵ پێکهاتووە:
لە خاڵی یەکەمی فەرمانەکەدا هاتووە "دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێوەی گرێبەست بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (10)ـی ساڵی 2019".
هاوکات لە خاڵی دووەمی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا، هاتووە "هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاسپێردراون بە وردبینیکردنی لیستی ناوی وانەبێژان و ئەنجامدانی ڕێکارەکانی دامەزراندنیان".