سێ سه‌ربازی توركیا له‌ رۆژئاوای كوردستان كوژران

چواری دیكه‌شی بریندار بوونه‌

K24 – هه‌ولێر

سێ سه‌ربازی تورك له‌ هێرشێكی داعش له‌ رۆژئاوای كوردستان كوژران و چواری دیكه‌شی برینداربوون.

داعش له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌رده‌وامه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر تانكه‌كانی توركیا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا دوو سه‌رباز كوژران و پێنجی دیكه‌شی بریندار بوون، یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.

سوپای توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند له‌ رۆژی چوارده‌یه‌می ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات هێزه‌كانیان بوونه‌ ئامانجی هێرشێكی داعش، كه‌ سه‌ره‌ڕای كوژران و برینداربوونی سه‌ربازانی تورك، دوو ئه‌ندامی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن كوژراون و دووی دیكه‌شی برینداربوونه، كه‌ هێرشه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی وكوف روویداوه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌ به‌ تۆپبارانكردنی چه‌ندین ئامانجی داعش له‌و  ناوچه‌یه‌ ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ زیانه‌كانی ئاشكرا بكات.