ئەندامێکی دامەزرێنەری زانکۆی بەریتانی: حکوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پێشخستنی زانست و فێرکردن

کۆدۆ سەلام، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی زانکۆی بەریتانیا
کۆدۆ سەلام، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی زانکۆی بەریتانیا

ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی نێودەولەتی بەریتانی ڕایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی قەیرانەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پێشچوونی زانست و فێرکردن.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەردی بناغەی پۆندی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر دانا و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی زانکۆکەی کردەوە. کۆدۆ سەلام، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی زانکۆکە لە گوتارێکدا بە ناوی زانکۆکەوە ڕایگەیاند "لە ڕێککەوتی 8ـی دیسمبەری 2022، بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی زانکۆی نێودەولەتی بەریتانی لە هەولێر دانرا".

ئەو ئەندامە دەڵێت: لە دانانی بەردی بناغەکەدا، بەڵێنی خوێندن لەم زانکۆیە بە قوتابیان درا، ئەمڕۆ مژدەی کرانەوەی ئەم زانکۆیە بە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین.

دەشڵێت: زانکۆکە دەبێتە تاکە ناوەندی هەرێمی زانکۆ لندەن لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئەزموونێکی نوێ دەبێت لە کوردستان و تەواوی عێراقیش، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەکەم جارە زانکۆیەکی بەریتانی ئاست بەرز بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڕوانامە و پڕۆگرامەکانی پێشکەش بە قوتابیانی دەکات کە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن.

هەروەها ئێمە دڵنیاین ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لە ئەزموونی 15 ساڵەمان لە پەروەردە و فێرکردن، بەکارکردن لەگەڵ تۆڕی قوتابخانەکانی کامبرێج، خۆشحاڵین ڕۆژ بەڕۆژ خواست لەسەر زانست و فێرکردن لە کوردستان لە هەڵکشاندایە. کە نیشانەی هۆشیاری و چاوکراوەیی کۆمەڵگاکەمانە.

کۆدۆ سەلام گوتیشی: کردنەوەی ئەم زانکۆیە و ناوەندەکانی دیکەی ئاست بەرز دەرخەری ئەوەن سەرەڕای هەبوونی قەیرانەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لەسەر پێشخستنی زانست و فێرکردن.