وێندی تۆمسۆن: زانکۆی بەریتانی یارمەتی گەنجەکان دەدات بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان دابین بکەن

وێندی تۆمسۆن، جێگری سەرۆکی زانکۆی لەندەن، لە بەریتانیا
وێندی تۆمسۆن، جێگری سەرۆکی زانکۆی لەندەن، لە بەریتانیا

جێگری سەرۆکی زانکۆی لەندەن ڕایگەیاند: سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکەم، لەوەی بەردەوام پشتیوانیی ئەم پرۆژەیە بووە. زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی یارمەتی گەنجەکان دەدات، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان دابین بکەن، بەتایبەت لەم ناوچەیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زانکۆی نیودەوڵەتی بەریتانی کرایەوە و وێندی تۆمسۆن، جێگری سەرۆکی زانکۆی لەندەن، لە وتارێکدا ڕایگەیاند "شەرەفێکی گەورەیە کە من بەشداریی کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی لە هەولێر دەکەم. دەمەوێت بەتایبەت سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم".

وێندی تۆمسۆن: سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکەم بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ ئەم پرۆژەیە. زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی یارمەتی گەنجەکان دەدات، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان دابین بکەن، بەتایبەت لەم ناوچەیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

هەروەها سوپاسی تیمی زانکۆی بەریتانی نێودەولەتی دەکەم، کە هەمیشە هاوکارمان بوون، سوپاسی کونسوڵخانەی بەریتانیا و باڵیۆزخانەی بەریتانیا دەکەم، کە هەمیشە پشتیوانی ئێمەیان کردووە، لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەی کە هاوکاری ئێمەیان کردووە.

دەشڵێت: زانکۆکەمان هەمیشە ئامانجی پەرەپێدانی خوێندن بووە، هەوڵی ئەوەی داوە بەردەوام یارمەتی کۆمەڵگا بدات، هاوکاریی زۆر پێشکەشی قوتابیان دەکەین، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە.

وێندی تۆمسۆن، گوتیشی: زانکۆ فەرمییەکەمان لە لەندەنە، لەگەڵ 17 زانکۆی ئاست بەرزی جیهانی هاوئاهەنگیمان هەیە، کە بەشێک لەو زانکۆیانە دەکەونە وڵاتەکانی دیکە کە بەشێکیان پەیوەستن بە ئابووری، سیاسەت، بازرگانییەوە. نزیکەی چوار هەزار قوتابی لە 109 وڵاتی جیاوازەوە لە زانکۆی بەریتانی لەندەن دەخوێنن و پرۆگرامەکانی ئێمە پەیڕەو دەکەن.

لای خۆیەوە ئەندرۆ بێزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە کوردستان، لە وتارەکەیدا گوتی: ئەمڕۆ هەست بە دڵخۆشییەکی بێوێنە دەکەم کە لێرە ئامادەم، هەمیشە شەرەفمەند بووم نوێنەرایەتی بەریتانیام کردووە، ئەمە ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە کە بەشداری کردنەوەی ئەم زانکۆیە دەکەم لەگەڵتان.

کونسوڵی گشتیی بەریتانیا گوتی: کردنەوەی ئەم زانکۆیە سەرکەوتنێکی گەورەیە، دوای ئەوەی بە ماوەیەکی کەم دەستنیشان کرام بە کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان-هەولێر، دەست کرا بە دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە، ئەوەش سەرنجی ڕاکێشام لە یەکەم گفتوگۆمدا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان کە قسەیان لەگەڵ کردم. باسی گرنگی و ڕۆڵی ئەم زانکۆیەیان بۆ کردم، هەر ئەوەش وای لە من کرد پابەند بم بە هاوکاریکردنی ئەم زانکۆیە.