سبەینێ زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری قەرەبوو دەکرێنەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەر کردەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەر کردەوە

سبەینێ هاوکاریی دارایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دوکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەریدا دابەش دەکرێت.

شەممە، 07-09-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی سبەینێ یەکشەممە، 08-09-2024، هاوکاریی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دوکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەریدا دابەش دەکرێت.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەنێوان 2 تاوەکوو 20 ملیۆن دینار دەبێت و بەپێی قەبارەی زیانەکان، بەسەر دوکاندارەکاندا دابەش دەکرێت.

دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 05-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی نووژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێری بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی دوکاندار و کاسبکاران گرت.

سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە پرۆسەی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری خێراتر بکەن. دوکاندارانی زیانلێکەوتووی بازاڕەکەشی دڵنیا کردەوە کە بە پێی توانا و قەبارەی زیانەکەیان هاوکارییان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بازاڕەکە زوو بکرێتەوە.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

دوای ڕووداوەکەش، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رنامه‌یه‌كی ئامادە کردووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو دوکاندارانەی دوکانەکانیان سووتاوە و له‌م نزیكانه‌دا هاوكاریییان  ده‌كرێت.