حکوومەتی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی سپی بۆ کوردستان دا

حکوومەتی عێراق بڕیاری دا پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بنێردرێت و وەزیری نەوتیش فەرمانی بۆ خێراکردنی رێکارەکان دەرکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، فەرمانی بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، تاوەکو پەلە بکەن لە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و ناردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر نەوتی سپی بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا. 

لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام کێشە لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی عێراق ساڵانە بڕێک نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

 ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خێزانەکان، بەو پێیەی نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕەکاندا بەرزە و بەشێک لە هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە. 

پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو نەوتەش بەپێی پسوولە و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.