فێستیڤاڵی تام و چێژی شارەکانی باکووری کوردستان، لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت

فێستیڤاڵی تام و چێژ شارەکانی قەرس و ئەردەهانی باکووری کوردستان لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت، ساڵانە بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی هاووڵاتییانی ئەنقەرە بە فەرهەنگی شارەکانی دیکە، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا نمایشی بەرهەمە خۆماڵییەکانی شاری قەرس و ئەردەهان دەکرێن.

هەروەها بەشداربووان نمایشی بەرهەمەکانیان دەکەن و هاوکات تامی جیاوازی بەرهەمە خۆماڵییەکانییان زیاتر بە هاووڵاتییانی ئەنقەرە دەناسینن. دروستکردنی پەنیر بە شێوازی کوردەواری و لە چیاکانی باکووری کوردستان تام و چێژی تایبەت بە خۆی هەیە.

دۆنیە یەڵماز، وەستای شیرینییە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەکرلەمەکەمان جگە لەوەی زۆر بە تامە زۆریش تەندروستە لەبەر ئەوەی شەکری تێ ناکەین و خۆماڵیە، لێرە لە بەر چاوی خەڵک دروستی دەکەین و بۆ کەسانێک کە شەکرەیان هەیە زۆر تەندروستە.

فێستیڤاڵەکان هۆیەکن بۆ زیاتر لێک نزیک بوونەوەی فەرهەنگەکان و لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتیدەرێکی باشیشە  بۆ ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.

لای خۆیەوە ئیبراهیم قاپی سییز، بەشداربووی فێستیڤاڵ، دەڵێت: بە گشتیی خەڵک دەچنە چیاکانی شاری ئاگریی و لەوی بە شیری ئاژەڵەکان پەنیر دروست دەکەن، پەنیرەکەش بەم شێوییە لە ناو پێستی ئاژەڵدا دروست دەکرێت و نزیکەی 6 بۆ 7 مانگ لە ناو ئەشکەوتدا هەڵدەگیرێت و دواتر ئەم پەنیرەی لێ دروست دەبێت. ئەم پەنیرە بەرگری لەش زیاد دەکات و زۆر بەسوودە.

موحەرەم زاد، هاووڵاتی ڕایگەیاند: نرخەکان زۆر باشە حەزم لە بەرهەمەکانی ئەو شارانەییە کە بەشدارن. من لێرە کەرە م کڕیوە بە 300 لیرە لە دەرەوە بە 500 لیرەیە.

ئیفاکات ئالتوون،بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: چوار بۆ پێنج ساڵە ئەم ئیشە دەکەم، فرۆشمان باشە من خەڵکی ئەرزڕوومم و بە باشی ئەم خواردنانە دروست دەکەم و ڕۆژانە 1500 لیرەم دەست دەکەوێت بەو پارەش گەشت و سەیرانی خۆم دەکەم.

لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا جگە لە وەی ئاشنا دەبێت بە فەرهەنگی شارەکانی دیکە، هاوکات نرخەکانیشی بەراورد بە بازار هەرزانترە بۆیە ئەوانەی سەردانەی ئەم شوێنانە دەکەن هەم ئەزموونی شتی جیاواز دەکەن هەمیش بە هەرزانتر دەتوانن پێویستیەکانیان دەست بکەوێت.