لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێنج فریاگوزاری لوبنانی بوونە قوربانی

ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری سەر بە وەزارەتی تەندروستی گشتیی لوبنان ڕایگەیاند، سێ فریاگوزاری لە شارۆچکەی فارۆن کوژراون.

ناوەندەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئیسرائیل تیمێکی بەرگریی شارستانیی لوبنانی بۆمباران کردووە، کە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگر بوونە، کە لە ئەنجامدا سێ فریاگوزار کوژران و دوو کەسی دیکە بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە".

وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد، کە بەمەبەست فریاگوزارەکان دەکوژێت.

نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی چاودێری لوبنان، ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد و گوتی: ئەم دەستدرێژییە نوێیە بۆ سەر لوبنان پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە لە دژی بەها مرۆییەکان، ئەم بابەتە بۆ ئیسرائیل نامۆ نییە و ئێمە شاهیدی تاوانە یەک لە دوای یەکەکانین لە ناوچەکانی لوبنان فەڵەستین.

ئاماژەی بەوەش کرد: لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپەی کە ئیسرائیل گرنگی بە یاسا نێودەوڵەتیەکان نادات، داوام لە باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوا و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا هەمووان بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی خۆیان لە وەستاندنی بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بۆ فشارخستنە سەری، چونکە بایەخ بە هیچ یاسایەک نادات و بەردەوامە لە تاوان بەرامبەر لوبنان و لوبنانییەکان.

حزبوڵڵای لوبنانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای نوێی فیرقەی 91 لە ئایلێتی ئیسرائیل.