لە کابینەی نۆیەم نزیکەی 500 کیلۆمەتر ڕێگەوبانی سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش نۆژەن کراوەتەوە
بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئاکرێ ڕایگەیاند "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری ھەردوو شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەشی کردووە و تەنیا لەم ساڵدا بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار پرۆژەی ڕێگەوبان لە ھەردوو شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024، موحسین میرانی، بەرێوبەری ڕێگەوبانی ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخی زۆر بەکەرتی ڕێگەوبان دراوە و ئەم کابینەیە پاڵپشتییەکی زۆری ئێمەی کردووە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: لە ھەردوو شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش دوو جۆری پرۆژەمان ھەیە، بە گوژمەی حەوت ملیار و 700 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون و بەشێکی تەواوبوون و بەشێکی دیکەش جێبەجێ دەکرێت،
گوتیشی: بەشێکی پرۆژەکان ڕاستەوخۆ نوژەنکردنەوەیە لە دوای وەرزی زستان وھاتنی باران ولافاو دەستمان پێ کردووە، سەدان گوند نوژەن کراونەتەوە لە ھەردوو شارۆچکە. و لەم کابینەیەدا نزیکەی 500کم ڕێگە نوژەنکردنەوەیان بۆ کراوە بە سەرمایەی زیاتر لە40 ملیار دینار".
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش ھیچ شوێنێک نییە ڕێگەیان بۆ نەچووبێت، بەڵام بەگشتیی ڕێگەکان چەند ساڵ جارێک پێویستیان بە نوژەنکردنەوە ھەیە و ئێمەش بەردەوام نوژەنییان دەکەینەوە، بۆیە زۆرینەی ڕێگەکان نوژەنکراونەتەوە وتەنیا ئەو ڕێگەیانە نەبێت لە ڕووی ئەمنیی جێگەی مەترسین، ئەگەر نا ڕێگە ھەبیت و ئەمنییەت ھەبێت ئێمە دەچین نوژەنیان دەکەینەوە، لە بەردەڕەش گرفتمان نییە. بەلام لە ئاکرێ شوێنێ چیا ھەبێت بەھۆی پەکەکە ناتوانین بچین نوژەنی بکەینەوە،هەروەها ئێستە ڕێگاکانیش بەجۆرێک نوژەن دەکەینەوە بە کوالێتییەکی زۆر باش و کاری بۆ دەکرێت.
موحسین میرانی ڕاشیگەیاند "هەوڵمانداوە تاوەکوو وەرزی زستان دێت ھەموو ڕێگا وبان تەواو بکرێن و نوژەن بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە وەرزی زستان لە ڕێگاوبان تووشی گرفتی ھاتووچۆ نەبن.