ئەردۆغان داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ئیسلامیی دژی ئیسرائیل دەکات

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هاوپەیمانییەک لە دژی ئیسرائیل پێک بهێنن.

ئەردۆغان لە میانی بۆنەیەکی کۆمەڵەی قوتابخانە ئیسلامییەکان لە نزیک ئەستەنبوڵ گوتی: تاکە هەنگاوێک کە ملهوڕی و چەوساندنەوەکانی ئیسرائیل و تیرۆری حکوومەتی ئیسرائیل بوەستێنێت، هاوپەیمانیی وڵاتانی ئیسلامییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییەی تورکیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر و سووریا، بە ئامانجی ئەوەیە "هێڵێکی هاوپشتی لە دژی مەترسی ئیسرائیل پێک بهێنێت" کە بە گوتەی ئەو، هەڕەشە لە لوبنان و سووریاش دەکات.

ئەردۆغان، هەفتەی ڕابردوو لە ئەنقەرە پێشوازیی لە عەبدولفەتاح سیسی هاوتا میسریەکەی کرد و لە یەکەم سەردانی سەرۆکی میسر بۆ تورکیا دوای 12 ساڵ باسی شەڕی غەززە و ڕێگاکانی چاککردنەوەی پەیوەندییە چەق بەستووەکانی نێوانیان کرد.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2020 بەرەو باشبوون چوو، کاتێک تورکیا هەوڵی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ناوچەکە دەستی پێ کرد.

ئەردۆغان لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، تورکیا بانگهێشتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کرد، تاوەکوو دانوستانەکان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکەن، کە لەدوای ساڵی 2011ەوە پەیوەندییەکانیان پچڕا.

تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی قسەکانی ئەردۆغان نەداوە.