زیاتر لە 6 کاتژمێرە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنیی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە

K24 – هەولێر:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنیی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بۆ مەبەستی چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەستی پێ کرد و زیاتر لە شەش کاتژمێریشە کۆبوونەوەکە بەردەوامە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنیی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران؛ سەرۆکایەتیی شاندەکانی هەردوولا دەکەن و زیاتر لە شەش کاتژمێریشە کۆبوونەوەکە بەردەوامە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت:ئامانجی کۆبوونەوەکە "لێکگەیشتنی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرەکان؛ بەتایبەت پرسە ئابووری و داراییەکان".

 لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " کۆبوونەوە هاوبەشەکان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری هەولێر بەردەوام دەبن، لە ماوەی کۆبوونەوەکاندا، ژمارەیەک دانیشتنی تەکنیکی تایبەتمەند و دانیشتنی هەماهەنگیش دەبن کە ئامانجیان یەکخستنی دیدگەکان و گەیشتنە بە چارەیەکی کاریگەر".