لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێم جەخت لە چارەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە
K24 - هەولێر:
لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر ، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر خواست و ویستی چارە هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور . گوتیشی: هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکانە.
دواتر لێژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا دەربارەی چارەکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت .