سووریا؛ ژمارەی کوژرواوانی هێرشەکەی ئیسرائیل گەیشتە 14 کەس

سووریا
سووریا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا لە ئەنجامدا 14 کەس بەوهۆیەوە کوژران.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری مەسیاف، دکتۆر فەیسەڵ حەیدەر، بە ئاژانسی سانای ڕاگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند خاڵێک لە ناوچەی مەسیاف بۆ 14 کوژراو و 43 بریندار بەرزبووەتەوە، لەوانە شەشیان باری تەندروستیان ناجێگیرە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی دا، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل بە سێ جار هێرشی کردووەتە سەر پێنج شوێنی سەربازیی، لەوانە ناوچەی لێکۆڵینەوەی زانستی لە مەسیاف لە ڕۆژئاوای حەما.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سووریاش لە زاری بەرپرسێکی پزیشکی ناوخۆییەوە بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل 13 کەس برینداربوون کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە. هەروەها تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی بەهەمان سەرچاوەی گوت: نزیکەی کاتژمێر 11:20 خولەکی سەوی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوای لوبنانەوە دەست پێ کرد و ژمارەیەک شوێنی سەربازی لە ناوچەی مەسیاف بۆمباران کرد.

ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە لە سووریا پەرەپێداوە، هەروەها ئیسرائیل بەرگری ئاسمانی سوپای سووریا و بەشێک لە هێزەکانی سووریای بۆمباران کردووە.