سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران: کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی هەولێر بەرهەمدار دەبن

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان هەردوو تیمی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان "بەرهەمدار و لە بەرژەوەندیی مووچەخۆر و هاووڵاتییاندا دەبن".

ئەمڕۆ دووشەممە، 09-09-2024، کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر درێژە بکێشن.

ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، هەردوو شاند، گفتوگۆیان لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، داهاتی دەروازە سنوورییەکان، باج، هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕێگریی بازگەکان لە هەناردەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و ژمارەیەک پرسی دیکە کردووە.

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکانی یەکشەممە، 08-09-2024، ئەرێنی بوون و لێکگەیشتنی باش لە لەنێوان شاندی هەردوولا لەبارەی زۆرێک لە کێشەکان هەبوون؛ چاوەڕێ دەکەین ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک ڕێککەوتن مۆر بکرێن".

ئەو سەرچاوەیەی کوردستان24 پێی وایە، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە نێوان هەردوو شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان "لە  بەرژەوەندی فەرمانبەران، مووچەخۆران، خانەنشینان و گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبن".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ یەکشەممە کە نزیکەی حەوت کاتژمێر بەردەوام بوو؛ پرسی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.

کوردستان24 زانیویەتی، شاندی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کردووە، کۆی گشتیی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و ‌هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن؛ بەڵام وەکو خۆی گوتی: لەبارەی ئەم پرسە جارێ نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "هەردوولا هاوڕابووین لەسەر چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانمان لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور، بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابوورییان هەیە".

ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێک دێت.

 ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقیش لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛  تەیف سامی، وەزیری دارایی؛  عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛  ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک وەزیری دیکە پێک دێت.