دوایی راپۆرتی كوردستان24 مووچەی ئاسایشی گەرمیان دابەش دەكرێت
K24ھەولێر
پاش ئەوەی كوردستان24 لە راپۆرتێكدا زانیاری ئەوەی بڵاوكردەوە كە بەھۆی ناكۆكی دوو بەڕێوەبەر ماوەی دوو رۆژە مووچەی ئاسایشی گەرمیان دابەش نەكراوە، كەمێك پێش ئێستا دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی ئەفسەر و كارمەندانی ئاسایشی گەرمیان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار رایگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە گۆڕانكاری لە ھەڵویستەكە روویدا ھەردوو بەڕێوەبەری ئێستا و پێشووی ئاسایشی گەرمیان لەسەر ئەوە رێككەوتن كە واژووی ھیچ كام لەسەر چەكی بەنك نەبێت بۆ خەرج كردنی مووچە و ئەفسەرێك واژووی كردووە".
كارمەندێكی ئاسایش كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 گوت: "دوای راپۆرتەكەی ماڵپەڕی كوردستان24 و رێككەوتنی ھەردوو بەڕێوەبەر لەسەر واژوو دەستكرا بە دابەشكردنی مووچە".
ئەمڕۆ كوردستان24 لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە دوایی دوو رۆژ لە دابەشكردنی مووچەی ھێزەكانی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بەھۆی ناكۆكی و تەكەتولات مووچەی ئەفسەر و كارمەندانی ئاسایشی گەرمیان دابەش نەكراوە.