ئەمشەو ئەپڵ زنجیرەی ئایفۆن16 نمایش دەکات
کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو بە کاتی هەولێر، لە ئیڤێنتێکی تایبەت بەناونیشانی (کاتی درەوشانەوەیە) کۆمپانیای ئەپڵ، ژیریی دەستکرد، چوار دانە ئایفۆنی16ـی نوێ، زنجیرەی کاتژمێری زیرەکی (ئەپڵ واچ) نمایش دەکات و نرخ، تایبەتمەندی و گۆڕانەکانی دەخاتە ڕوو.
تا ئێستا بە فەرمی نەزانراوە شێوە و تایبەتمەندییەکانی بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ چین، بەڵام چەندین سەرچاوەی جیاواز ئاماژە بە چەند گۆڕانێک لە ئایفۆنەکانی ئەمساڵ دەکەن.
گەورەترین گۆڕان زیادکردنی دوگمەیەکی نوێ دەبێت بۆ ژێر دوگمەی (پاوەر) بە ناوی (کاپچەر) ئەم دوگمەیە تایبەت دەبێت بە گرتنی وێنە و ڤیدیۆ، پێشبینی دەکرێت دوگمە لەرزە (هاپتیک)ـی هەبێت، بە دانانی پەنجە لەسەری کامێراکە فۆکس بکاتە سەر دەموچاو، بە داگرتنی بۆ جارێک وێنە بگرێت، بە جووڵاندنی پەنجە لەسەری زوومی کامێرا کارا بێت.
جگە لە دوگمە نوێیەکە، پێشبینی دەکرێت کامێرای (ئۆڵترا واید) ژمارەی پیکسڵەکانی بۆ (48 مێگا پیکسڵ) بەرز بکرێتەوە، وە تایبەتمەندی (پێراسکووپ) واتە زوومی پێنج ئێکسی بۆ زیاد بکرێت، کامێرای سێڵفی باشتر بکرێت.
لە هەمووشی گرنگتر پێشبینیی دەکرێت ئەپڵ لەگەڵ چیپی (18A)ـەی پڕۆ لەسەر ئایفۆنە پڕۆ ماکسەکان، ژیریی دەستکردی خۆی (ژیری ئەپڵ) کارا بکات، چەندین تایبەتمەندی لە دروستکردنی وێنە، ستیکەر، تێکست و دەستکاری وێنەکان زیاد بکات.
ئەپڵ لەگەڵ ژیریی دەستکردی (OpenAI)ڕێککەوتووە تایبەتمەندییەکانی (ChatGPT) بۆ ئایفۆنەکان زیاد بکات.
هەموو ساڵێک ئایفۆنە نوێیەکان بە ڕەنگێکی نوێ بڵاو دەکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت ڕەنگی نوێی ئایفۆنی ئەمساڵ لە نێوان (زێڕی و پرتەقاڵی)دا بێت.