چۆن وابکەیت لە رێگەی ژیری دەستکردەوە فێڵت لێنەکرێت؟
فێڵکردنی ئەلیکترۆنی چیتر تەنیا پشت بە نامەی لاواز یان ماڵپەڕە گوماناوییەکان نابەستێت. ژیری دەستکرد وای کردووە هاککەرەکان بتوانن رووکاری پیشەیی و ناوەڕۆکی باوەڕپێهێنەر دروست بکەن و ئەمەش جیاکردنەوەی ناوەڕۆکی راستەقینە لە ساختە زەحمەتتر دەکات.
لە ماوەی رابردوودا بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە پەرەپێدانی شێوازەکانی فێڵکردندا زیادی کردووە. ئەم دیاردەیە دروستکردنی فرۆشگای ئەلیکترۆنیی ساختە تا کۆپیکردنی دەنگ و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی ساختە دەگرێتەوە.
دەستەی پێوەرەکانی بازرگانیی نیشتمانی لە بەریتانیا هۆشداری دەدات لەم کردارانە. فێڵبازەکان بەردەوام کارەکانیان پەرەپێدەدەن و هەندێک لە نیشانە کلاسیکییەکان وەک هەڵەی رێنووسی و رێزمانی چیتر بۆ ئاشکراکردنی فێڵکردن کەمتر کاریگەرن.
ئەم دەستەیە لیستێکی چاودێریکردنی بۆ ئەو فێڵکردنانە ئامادەکردووە ژیری دەستکرد بەکاردەهێنن. تیایدا گرنگترین ئامێر و تەکنەلۆژیاکان تۆمارکراون تاوانباران پشتی پێ دەبەستن و هەروەها رێکارەکانی پاراستنی پارە و زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەران روون دەکاتەوە.
شێوازەکانی فێڵکردن بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد
هەندێک لە پرۆسەکانی فێڵکردن بە دروستکردنی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکەن بە شێوەیەکی پیشەیی دەردەکەون و وەک فرۆشگەی خێزانی خۆیان دەناسێنن بەرهەمی کوالێتی بەرزی بەریتانی دەفرۆشن. فێڵبازەکان لەو پێناوەدا وێنەی سەرنجڕاکێش و وردەکاریی وا بەکاردەهێنن متمانە و پابەندبوونی ناوخۆیی نیشان دەدەن.
وێنەکان رەنگە شەقامە بازرگانییەکانی بەریتانیا و ئاڵای بەریتانیا لەخۆبگرن بۆ ئەوەی کڕیاران قەناعەت پێ بکەن کە بەرهەمەکان ناوخۆیین. لە کاتێکدا ئەزموونەکان دەریدەخەن ئەگەری نەگەیشتنی داواکارییەکان یان وەرگرتنی کاڵای هەرزان بەها هەیە.
مەترسییەکان تەنیا لە فرۆشگەی ساختەدا کورت نابنەوە. فێڵبازەکان دەتوانن بە خێرایی و بە تێچوویەکی کەم ماڵپەڕی نوێ دروست بکەن یان ماڵپەڕە هەبووەکان بە دیزاینێکی ورد کۆپی بکەن، بە جۆرێک وەک سەکۆ بازرگانییە ناسراوەکان دەربکەون.
شێوازەکانی دیکە بریتین لە فێڵکردنی سۆزداری تیایدا تاوانباران ژیری دەستکرد بۆ لەبەرگرتنی وردەکارییە کەسییەکانی قوربانییان بەکاردەهێنن. ئەوان بۆ ماوەی هەفتە یان مانگ بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵیان بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی متمانە دروست بکەن زەمینە بۆ قۆستنەوەی داراییان خۆش دەکات.
هەروەها تەکنەلۆژیاکانی ساختەکاریی قووڵ و کۆپیکردنی دەنگ بەکاردەهێنرێن بۆ خۆلێکچواندن بە ئەندامێکی خێزان یان هاوڕێیەکی نزیک. پاشان داوای گواستنەوەی پارە دەکەن بە بیانووی روودانی حاڵەتێکی کتوپڕ کە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای دارایی هەیە.
مەترسیی ئەم شێوازانە لەگەڵ توانای ژیری دەستکرد لە بەرهەمهێنانی نامەی فێڵکردنی تایبەت و بێ هەڵەی زمانەوانیدا زیاد دەکات، کە بەرفراوان لە رێگەی ئیمەیڵ و نامەی کورتەوە دەنێردرێن.
چۆن پارە و زانیارییەکانت دەپارێزیت؟
هەڵەی رێنووسی یان دەقە نەگونجاوەکان چیتر بۆ ئاشکراکردنی فێڵکردن بەس نین، چونکە ئامێرە مۆدێرنەکان دەتوانن ناوەڕۆکێکی زمانەوانیی ساغ و بە وردی داڕێژراو بۆ ئامانجکردنی کەسی دیاریکراو بەرهەمبهێنن.
بەپێی هۆشدارییەکانی گروپی پاراستنی بەکارهێنەری بەریتانی "ویچ" کە بی بی سی گواستوویەتیەوە، پاراستن بە پشکنینی ناسنامەی فرۆشگەکە پێش کڕین دەست پێ دەکات. ئەمەش لە رێگەی پێداچوونەوە بە ناونیشان و زانیارییەکانی پەیوەندیکردنی فرۆشگەکە و گەڕان بەدوای زانیاریی سەربەخۆدا دەبێت کە بوونی راستەقینەی ئەو فرۆشگەیە پشتڕاست بکاتەوە.
گرنگە راستەوخۆ لە رێگەی کەناڵی پەیوەندیی متمانەپێکراوەوە پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە بکرێت، بەتایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشنیاری نائاسایی یان ریکلامی کار کە گومان دروست دەکەن. هەروەها پێویستە پێش هاوبەشکردنی زانیاری یان گرتنەبەری هەر رێکارێک، راستیی ئەو پێشنیارانە پشتڕاست بکرێتەوە.
لە مامەڵە داراییەکاندا پێویستە دڵنیا بیتەوە ئەو کۆمپانیایانەی راوێژی دارایی پێشکەش دەکەن مۆڵەتی پێویستیان هەیە و نابێت پارە یان کارتی دیاری بۆ ئەو کەسانە بنێردرێت کە لە نزیکەوە نەتناسیون.
گوێگرتن لە دەنگی کەسێکی ناسراو یان بینینی لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە نابێت وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ناسنامەکەی سەیر بکرێت. فێڵبازەکان لەوانەیە تەکنەلۆژیای کۆپیکردنی دەنگ و ساختەکاریی قووڵ بەکاربهێنن بۆ لەبەرگرتنی کەسانی متمانەپێکراو و یاریکردن بە سۆزی قوربانییەکان.
گرنگترین بنەما ئەوەیە بەر لەوەی پارە بدەیت یان زانیاری کەسی و دارایی هاوبەش بکەیت، وەستیت و بیر بکەیتەوە. هەروەها نابێت کاردانەوەت بۆ ئەو گوشارانە هەبێت کە ناچارت دەکەن بڕیاری خێرا بدەیت، چونکە بە گوتەی "ویچ" فێڵبازەکان بۆ فریودانی قوربانییەکان پشت بە پەلەکردن دەبەستن.