بریارە هەفتەی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لیژنەیەکی پێک هێناوە بۆ چاودێریی ئەو بەربژێرانەی لە ئێستەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بەڵگانەی بە دەستمان گەیشتووە وردبینی تێدا دەکرێت و ئەگەر سەلمێندرا بەربژێرێک پێش وادەی یاسایی دەستی بەبانگەشەوە کردووە ئەوا یان سزای ماددی دەدرێت یاخود لە هەڵبژاردنەکان دوور دەخرێتەوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ چاودێریی ئەو بەربژێرانە پێک هێناوە کە لە ئێستەوە لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەست پێ کردووە، تاوەکوو سزای یاسایی بدرێن، سزاکان یان سزای ماددی دەبن، یاخود بڕیاری دوورخستەنەوەیان لە هەڵبژاردنەکان دەدرێت.
بەڵگەی پێویستیان بەدەست گەیشتووە کە هەندێک بەربژێر لە تیکتۆک دەستیان بەبانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت: ئەو لیژنانەی دروست کراوە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان دەکەن و پاشان بە ڕاپۆرتێک دەنێردرێن بۆ ئۆفیسی نیشتمانیی کۆمسیۆن، دواتر لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر جۆری پێشێلکارییەکان دەدرێت و دواتر ئەنجوومەنی کۆمسیاران ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر، یان سزای ماددی دەدرێن یاخود لەهەڵبژاردن دوور دەخرێنەوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەسەدا 90 ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و ئێستە لە قۆناغی کۆتایی وردبینیکردنە لەناوی تەواوی بەربژێرەکان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات کە ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
نبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن، گوتی: دوای ئەوەی لەسەر هەر بەربژێرێک وەڵامی یاسایی وەردەگرین پاشان دەست دەکەین بە لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو بەربژێرەکان تاوەکو بزانین تاچەند مەرجەکانی کاندید بوونیان تێدایە، دوای کۆتایی هاتنی ئەم پرۆسەیە، ئەنجوومەنی کۆمسیاران پێکەوە وادەی دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکەن.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 685 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە .