باهۆزی یاگی لە ڤیێتنام 63 کەسی کوشت

ئەنجامی باهۆزی یاگی لە ڤیێتنام (وێنە: AFP)
ئەنجامی باهۆزی یاگی لە ڤیێتنام (وێنە: AFP)

لە ئەنجامی باهۆزی یاگی لە باکووری ڤیێتنام، زیاتر لە 63 کەس گیانیان سپاردووە و 40 کەسی دیکەش بزرن.

باهۆزی یاگی لە رۆژی شەممەوە، 07-09-2024، دەستی پێ کردووە و هێزی باهۆزەکە دەگاتە زیاتر لە 149 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک. ئەمەش وای کردووە، زانایانی بواری ئاووهەوا بە یەکێک لە بەهێزترین باهۆزەکان ناوی ببەن کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.

باهۆزی یاگی، پردەکانی خستووەتە خوارەوە و بنمیچی بیناکانی لابردووە و زیانی بە کارگەکان گەیاندووە و لافاو و زەویخزانی بەرفراوانی لێ کەوتووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی ڤیێتنام هۆشداریی لافاو و زەوییخزەی بۆ 429 ناوچە لە سەرانسەری 17 پارێزگای باکووری ئەو وڵاتە دەرکردووە.

خانووە یەک نهۆمیەکان لە بەشێک لە شارەکانی نگوین و یێن بای کە سەر بە تایلەندن لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سێشەممەدا تەواو ژێراو کەوتوون و دانیشتووان لەسەربانەکانەوە چاوەڕێی یارمەتین.

هێزەکانی فریاگوزاری هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە زووترین کات بگەنە ناوچە ئاکنجییەکان بۆ رزگارکردنی کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان.

هەروەها لە شاری هانۆی، گەڕەکەکانی سەر ڕووباری سوور کە بە ناو  پایتەختدا تێ دەپەڕێت، بەشێکیان ژێراو کەوتوون و خەڵک ناچار بوونە بە بەلەم ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

Fly Erbil Advertisment