سائیب هاروون: بە گوژمەی 19 ملیار دینار پرۆژەمان لە کەسنەزان جێبەجێ کردووە

بەڕێوەبەری شارەدێی کەسنەزان ڕایگەیاند، بە گوژمەی نزیکەی 19 ملیار دینار پرۆژەکانی سنووری کەسنەزان جیبەجێ کراون، ئەو ڕێژەیەش دابەش کراوەتە سەر پێنج ملیار دینار بۆ هەر سێ شارەوانیی ئەو سنوورە.
سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، سائیب هاروون ڕەشید، بەڕێوەبەری شارەدێی کەسنەزان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەسنەزان سنوورەکەی لە سێ شارەوانی پێک دێت، کە 27 گوند و 35 شاری نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرن، هەروەها ڕووبەری سنووری شارەدێی کەسنەزان لە 106 هەزار و 567 دۆنم زەوی پێک دێت، ژمارەی دانیشتووانەکەشی 120 هەزار و 716 کەسە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵیت: ئەو پڕۆژانەی لە کابینەی نۆیەم لە کەسنەزان جێبەجێ کراون زۆرن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیراندا بوو، لەم دوو ساڵەدا دەستمان بە کار کردووە، بە گوژمەی نزیکەی 19 ملیار دینار کارمان لە پرۆژەکاندا کردووە، ئەو ڕێژەیەش دابەش کراوەتە سەر پێنج ملیار دینار بۆ سنووری هەرسێ شارەوانییەکە و بڕی پێنج ملیار دیناریش بۆ گوندەکان، ئەگەر بارودۆخەی گۆڕانی کەشوهەوا نەبووایە، ئەوا زیاتر لەو بڕە لە پرۆژەکاندا جێبەجێ دەکران.
دەشڵیت: بە گوژمەی هەشت ملیار و نیو هەشت پۆند و پاکردنەوەی چەند ڕێڕەوێک کاریان بۆ کراوە، پرۆژەکان بەردەوامن و هەندێک پرۆژەی دیکەش بە پێی نووسراو و دەرخستەی کە بینیومانە بە نزیکەی چوار ملیار دینار کاریان بۆ دەکرێت.
سائیب هاروون ڕاشیگەیاند، ئەو پرۆژانەی کە کراون لەو سنوورە زیاتر ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ و کارەبان، چونکە دوو وێستگەی کارەبا و چەند فیدەرێک کراوە، لە ڕابردوودا کەسنەزان بارگرانیی کارەبای زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستە گرفتی فیدەر یاخود ویستگەمان نەماوە و بنبڕ بووە.